مەهدی محەممەد – ڕواندز :
چەندین مۆڵگەی كۆنی سەربازیی مین ڕێژكراوی سوپای پێشووی عێراق لە گوندەكە هەن و بوونەتە مەترسی بەسەر ژیانی دانیشتووانی ئەو گوندە، ئەوان لە ڕێگەی زاری كرمانجی یەوە داواكارن لە لایەنی پەیوەندیدار، دەوروبەری مۆڵگەكان لە مین و پاشماوەی تەقەمەنییەكان پاك بكرێتەوە.
موشیر حەسەن موختاری گوندی ماویلیان باس لە ژمارەی ئەو مۆڵگە سەربازییانە دەكات كە لە گوندەكەیان هەیە و دەڵێ ” هەشت مۆڵگەی سەربازی لە گوندەكە هەن و هەر هەموویان مین ڕێژكراون،” موختاری گوندی ماویلیان باس لەوە دەكات كە پێشتر لەلایەن دەزگای مینەوە، سێ لەو مۆڵگانە پاك كراونەتەوە و بەڵام 5 مۆڵگەش تا ئێستا مینی لێ ماوە و دەستكاری نەكراوە، ئەو دەڵێ “لە ماوەی ڕابردوو زیاتر لە 6 كەس لە خەڵكی گوند بوونەتە قوربانی مین و چاوەڕێ زیاتریش دەكەین، چونكە ڕەز و باخی هاووڵاتییان لە نزیك ئەو مۆڵگانەن و ئەگەر بە وشیاری هەنگاو نەنێن مینیان پێدا دەتەقێتەوە و زیانیان پێ دەگەیەنێت.”
موشیر حەسەن دەشڵێت كە پێشتر لایەنی پەیوەندیداریان ئاگادار كردووەتەوە و داواكاری خەڵكی گوندییان پێ گەیاندوون و چاوەڕی هەنگاوەكانی ئەوان دەكەن، بۆ ئەوەی گوندەكەیان لەو مەترسییە گەورەیە رزگار بكەن .
گوندی ماویلیان سەر بە قەزای ڕواندزە و 75 ماڵی لێیە و 380 كەس لێی دەژن .