رێبوار حەمەلاو شوانی
لایی هەمووان روون و ئاشکرایە ، کە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق بە تایبەتی بە قۆناغێکی ئاڵوز و دژواردا تێدەپەڕێت ، بەتایبەتی بۆ ئێمەی کورد کە خاوەن دۆزێکی رەوا و لەم ناوچە هەستیارەداین ، جێگەی تایبەتمەندییە وگرنگە زۆر بە هوشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان بکەین و لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتیمانەکەمان و سوود وەرگڕتن لە دەرفەتەکان ، هەر بۆیە ، ئەرک وبەرپرسیاریەتی حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانە لە ئاست ئەم دۆخە ناهەموارەدا بن و بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و بەرژەوەندی تایبەتی وەلاوە بنێن. بە ئاراستەی بەرژەوەندی گشتی هەنگاو بنێن و کوردایەتی بکەنە پێوەری سەرەکیی خەبات و تێکۆشانیان لە نێو گوڕەپانی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا.
لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بینراوە، ئەم دروشمە نەبووەتە واقیعیێک و پابەندییەکی تەواوەتی لەلای هێزە سیاسییەکان وەربگرێت، بەڵکو زۆرینەی کات تەنها وەک دروشمێک و واقیعەکە تەواو پێچەوانە بووە. لەو کاتانەی کە مەترسییەکان جددی بوون، چەند هێز و لایەنێک پێچەوانەی ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی کوردستان جووڵەیان کردووە و بەرژەوەندیی کەسی و حزبییان خستووەتە پێش بەرژەوەندیی نەتەوەیی کە لێکەوتە و دەرهاویشتەی ماڵوێرانکەریی بە دواوە بووە. بەپێچەوانەشەوە، هەر کات تەبایی و یەکڕیزیی و تەبایی بوونی هەبێت ، دەستکەوتی گرنگ و سەرکەوتنی مەزن بەدیهاتوون و توانراوە چۆک بە زۆر لە پیلان و تاکڕەویی و پەراوێزخستن بهێنن.
بۆیە، مێژووی دوێنی و ئێستا دەرخەری ئەو راستییە کە بوونی بۆشایی سیاسی و ڕکابەری ناتەندروستیی سیاسی لە پێناو دەستکەوتێکی حزبی و شەخسی خزمەت بە دۆزی ڕەوایی گەلی کورد ناکات ، بەڵکو بە پێچەوانەوە تەنها دوژمنان و نەیارانی سوودمەند دەکات ، بەتایبەت کە لە سەر ئاستی هەموو جیهان هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یاسایی و دەستووری ئومێدی داهاتوویی کورد وکوردستان ، بۆیە ناکرێت و نابێت کە ئەو قەوارەیەی کە بەخۆین و خەباتی دەیان ساڵەی هەزاران شەهید و پێشمەرگە هاتۆتەدی بخەینە مەترسییەوە ، بۆیە گرنگە بزانین کە تەبایی و یەکدەنگی کوردوهەموو حیزب ولایەنە کوردستانییەکان بە گشت پێکهاتەکانییەوە لە سەر بنەمای کوردبوون و کوردستانیبوون کلیلی سەرکەوتنمانە ، پێوستە یەکترمان خۆش بوێت ، دەبێ خۆشەویستی بۆ خاکی کوردستان پێش هەموو بەرژوەندییەکی تر بیێت ،بەتایبەتی کە لەم قۆناغی ئێستاماندا لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستە هێزە سیاسییە کوردییەکان، یەکدەنگیی بکەن بە چەترێک و لە سایەیدا کۆببنەوە، وەک یەک پایەی تووندوتۆڵ، ئیرادە یەکبخەن و بیر لە دەرچەی رزگاری بکەنەوە، بۆ بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێم کە ماوەیەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێراقەوە، شەڕێکی یاسایی و دەستووریی بەرنامەڕێژکراو دژ بە هەرێمی کوردستان بەرپاکراوە.
بۆیە، گرنگە لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانکاریی ڕژددا گوزەر دەکات و ئاگرەکەی هێدی هێدی لە دەوروبەرمان نزیکتر دەبێتەوە ، ئەرک و بەرپرسیاریەتیی دەخوازێت زۆر نیشتیمانیانە و نەتەوەییانە بیر بکەینەوە، خۆمان بە خاوەن بزانین ، بەتایبەت هەمووان پشتیوانی سەرۆک مسعود بارزانی بین کە هەمیشە و بە درێژایی خەبات و بزاڤی رزگاریخوازی کوردوکوردستان هەردەم لە پێناو تەبایی و کوردایەتی و ئامانجەرەواکانی گەلی کورد لە سەنگەری پێشەوەی بەرخودان بووە و باج و قوربانیی زۆری بەخشیووە .
مێژوویش گەواهیدەریی ئەو ڕاستییەیە کە هەمیشە ستراتیژی کوردپەوەری و نیشتیمانپەوەری سەرۆک بارزانی نەگۆڕبووە ، بەتایبەت لەو قۆناغانەشدا کە هەڕەشە و فشاری گەورە لە سەر دۆزی رەوایی کوردوکوردستان لەلایەن دوژمنان و داگیرکەران هەستی پێکراوە ، گرنگە هەموو حزب ولایەنەکان بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی ونیشتیمانی خۆیان هەلبستن و پەرۆشانە بڕاونە ئەم رەوشە هەستیارە و تەنها بیریان کوردایەتیی بێت چونکە بەتەبایی رووبەڕووی مەترسی و پێشهاتەکان دەبینەوە و دەستکەوتەکانمان پارێزراو دەبێت ، ڕێگەنادات خەونی نەیاران و ناحەزانی کورد کە زۆر لە مێژە خەونی نەمان و تێکدانی ئەم قەوارە دەبینن بێتەدی .