مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی پاڵپشتیكردنی جووتیاران و ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، باجی خستبووە سەر چەندین بەرهەمی هاوردەكراو، ڕاوێژكارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ ڕاگەیاند لەم مانگەوە باج لەسەر هاوردەكردنی پیاز و تەماتە و خەیار و كوولەكە و باینجان و قۆخ و ترۆزی هەڵگیراوە.
لەمبارەیەوە، ڕزگار حەمەد خدر، ڕاوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 4ی كانوونی یەكەمی 2023 ڕاگەیاند “ئامانج لە هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە، یەكەم لەبەر ئەوەیە كە زۆرینەیان بەرهەمی ناوخۆییان نەماوە یان لە كۆتاییدان، دووەمیش بۆ ئەوەی یاری بە بەرزكردنەوەی نرخیان نەكرێت.”
ڕاوێژكارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ئاشكراشی دەكات تا ئێستا ترێ و هەنار و پەتاتەی ناوخۆیی پێداویستی هەرێم پڕ دەكەنەوە، هەر لەبەر ئەوەش باجی سەر هاوردەكردنی ئەو سێ بەرهەمە ماوە.