مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا هۆشداری بەو كاندیدانە دەدات كە حزبەكانیان دەگۆڕن و ڕاگەیاند كە كاغەزی دەنگدان بە ناوی ئەوان و حزبەكەیانەوە چاپ كراوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك مافی ئەوەیان نییە حزب بگۆڕن و بچنە حزبێكی تر.
جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی كانوونی یەكەمی 2023 ڕاگەیاند كە زیاتر لە 16 ملیۆن كارتی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان تۆمار كردووە.
جومانە لەبارەی ئەو كاندیدانەی حزبەكانیان دەگۆڕن هۆشداری دەدات و دەڵێ “ناوی كاندیدەكان پەسەند كراون و كاغەزی دەنگدانیش چاپ كراوە، بۆیە هیچ كاندیدێك مافی ئەوەی نییە لە حزبێكەوە بچێتە نێو حزبیكی دیكە.”
وا بڕیارە 18 ی ئەم مانگە، لە 15 پارێزگای عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت و زیاتر لە پێنج هەزار و 900 كاندید بەشداری لەو هەڵبژاردنە دەكەن.