مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە نووسراوێكی وەزارەتی ئەوقاف كە ئاراستەی وەزارەتی داد كراوە، داواكارە ڕێگری بكرێت لەو كەس و لایەن و ڕێكخراوانەی كە بە ناوی جیاوازەوە، پەرتووكە پیرۆزەكانی خودا بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی پارە و دروستكردنی نوشتە و جادوو كردن و دەركردنی جنۆكە و چارەسەریی نەخۆشیی بەكار دەهێنن.
ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی كانوونی یەكەمی 2023، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ئەوقاف كە ئاراستەی وەزارەتی داد كراوە، تێیدا ڕێنوێنیی وەزارەتی ئەوقاف لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاو بكاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگریی لە كاری جادووگەری بكرێت.
لەمبارەیەوە، د . پشتیوان سرێشمەیی بەڕێوەبەری ئەوقاف و كاروباری ئایینی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “وەزارەتی ئەوقاف نووسراوێكی كردووە بۆ وەزارەتی داد و هەر یەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان و ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان، تا ئەو ڕێنمایانە بڵاو بكاتەوە كە تایبەتن بە ڕێگریكردن لە دیاردەی سیحر و جادوو و هاوشێوەكانی تری، كە پێچەوانەی بنەماكانی ئایین بێت،”
بەڕێوەبەری ئەوقاف و كاروباری ئایینی سۆران، خاڵ بە خاڵی ڕێنمایییەكانی نێو نووسراوەكە بۆ زاری كرمانجی باس دەكات و دەڵێ “نووسراوەكە لە كۆمەڵێك ڕێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2023 یە بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی سیحر و جادوو هەر كارێكی هاوشێوە كە پێچەوانەی بنەما ئایینییەكانە، مادەی یەكەم ئەنجامدانی ئەو كارانەی كە لە بڕگەی خوارەوە دانراوە یان كارە هاوشێوەكانی قەدەخەیەوە دەبێتە ڕێگایەك بۆ ئەنجامدانی سیحر و جادوو، یەكەم : بەكارهێنانی ڕێگاكانی فێڵكردن و هەڵكردنی ناسناوی ساختە و نادروست وەك دەستەواژەی شێخ و مەلا و قەشە و بانگخواز و پزیشكی ئایینی و هاوشێوەكانی بە بەكارهێنانی پەرتووكە پیرۆزەكانی خودا بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە و سوودمەندبوون پێیان، دووەم : دروستكردنی نوشتەو جادوو كردن و دەركردنی جنۆكە، سێیەم : فرۆشتنی گیا دەرمان و خۆراك و خواردنەوە وەك ئاو و گوڵاو و هەنگوین و ڕەشكەو پێداویستی تر بە ناوی چارەسەری پزیشكی ئایینی،”
مادەی دووەم لە ڕێنمایییەكانی نووسراوەكە هەر وەكوو بەڕێوەبەری ئەوقاف و كاروباری ئایینی سۆران ئاماژەی بۆ دەكات پێویستە تەواوی فەرمانبەرانی سەر بە میلاكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و خۆبەخشەكان، پابەندی ئەو ڕێنمایانە بن كە بڵاوكراوەتەوە، بە پێچەوانەوە بەرپرسیار دەبن و ڕێكاری كارگێڕی و سزایان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، هەروەها ئەوەش دەڵێ ” پێویستە دامودەزگاكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كار بكەن لە سەر نەهێشتنی ئەو دیاردەیە و ڕێگریكردن لەو كارانەی كە لە ڕێنمایییەكاندا هاتووە،”
د . پشتیوان سرێشمەیی باس لەوەش دەكات هەر ڕێكخراوێكی ناحكومی ئایینی مۆڵەت پێدراو پابەندی ئەو ڕێنمایانە نەبن، ڕووبەڕووی لێپێچینەوە دەبن و دەڵێ “لە ماددەی سێیەم هاتووە پێویستە هەموو ڕێكخراوەكانی ناحكومی ئایینی مۆڵەت پێدراو، پابەندی ئەو ڕێنمایانە بن، بە پێچەوانەوە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان ڕەوانكاری پێویست دەگرنە بەر بەرامبەریان.”