زاری كرمانجی – وەرزشی :
یانەی وەرزشی سۆران، لە ڕاگێندراوێكدا كە كۆپیەكی دەست زاری كرمانجی كەوتووە، داوا لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەكات، بە گیانێكی وەرزشی و لەبەرچاوگرتنی دۆخی یاریزان، پێداچوونەوە بە بڕیارەكانیان بكەن و سزای یاریزانێكی یانەكەمان كەم بكرێتەوە.
دەقی راِگێندراوەكە :
بۆ بەڕێز / یەكێتی تۆپی پێ ی كوردستان و ڕای گشتی
بابەت / پێداچوونەوە بە سزای یاریزان سەگڕ ئەحمەد
سڵاو و ڕێز
ئێمە وەك یانەی وەرزشی سۆران، تێبینیمان هەیە لەسەر ئەو سزایەی دوێنێ شەو لە لایەن یەكێتی تۆپی پێ ی كوردستان دەرچووە بەرامبەر بە یاریزان سەگڕ ئەحمەد، كە دەڵێت (ڕاگرتنی یاریزانی یانەی سۆران تا كۆتایی ئەم وەرزەی خولەكانی كوردستان)، یانەكەمان ئەو سزایە زۆر قوڕس دەبینێت و بە شایستەی یاریزانی نازانێت، جگە لەمەش دەكرا ڕەچاوی هەندێ بارودۆخ كرابا چونكە یاریزان و خانەوادەكەی بژیوی ژیانیان لەسەر ئەو بڕە پارەییە كە لە یانەكەمانەوە وەری دەگرێت، بێگومان لە داهاتوو دەرەنجامی خەراپی لێدەكەوێتەوە بۆ یاریزان و لە ڕووی دەروونیشەوە كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر دروست دەكات.
هەروەها ئێمە لە لایەن خۆمانەوە پێداچوونەوەمان كردووە بەسەر ڤیدیۆكانی ئەو یارییە و بە ڕاوێژ لە گەڵ پسپۆران و شارەزایانی یاری تۆپی پێ هیچ كەسێك ئەو سزایە بە ڕەوا نابینێت بۆ یاریزانی یانەكەمان.
بۆیە یانەكەمان داواكارە لە بەڕێزانی یەكێتی تۆپی پێ ی كوردستان، بە گیانێكی وەرزشی و لەبەرچاوگرتنی دۆخی یاریزان، پێداچوونەوە بە بڕیارەكانیان بكەن و سزای یاریزانی ناوبراو كەم بكرێتەوە.
لە گەڵ ڕێزمان …
ڕاگەیاندنی یانەی وەرزشی سۆران