مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
كۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی مانگی تشرینی دووەم، 122 بەندكراوی بە تۆمەتی جیاواز لە سێدارە داوە، ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاشكرای دەكەن ئەو ڕێژەیە بەراورد بە مانگی تشرینی یەكەم زیادیكردووە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمی 2023، نزیكەی 122 بەندكراو لە بەندیخانەكانی ئێراندا سزای سێدارەیان لە سەر جێبەجێكراوە كە لە نێویاندا 56 بەندكراوی تۆمەتبار بە ماددەی هۆشبەر هەن.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشكرای دەكات ڕێژەی لەسێدارەدان بەراورد بە مانگی تشرینی یەكەم 5 % زیادیكردووە بە 44 حاڵەت .
زۆرترین ڕێژەی ئەو بەندیانی لە مانگی تشرینی دووەم لە سێدارە دراون، هەر وەكوو ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هێمای بۆ دەكات، تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەكان بوونە كە ژمارەیان 56 كەس بووە، دوای ئەو تۆمەتبارانی كوشتنی بە ئەنقەست دێت كە ژمارەیان 53 كەس بووە، هەروەها 11 بەندكراوی سیاسی و ئایینی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێكراوە و دوو منداڵ و دوو ژنیش لە هەمان مانگ بە تۆمەتی جیاواز لە سێدارە دراون.
بەگشتی ئەو بەندكراوانەی لە مانگی تشرینی دووەم لە سێدارە دراون، 23 بەندكراویان بەلووچی بوونە و 19 ی تریشیان كورد و 8 تورك و 5 ی لوڕ و بەختیاری و 5 گیلەك و 3 هاووڵاتیی خەڵكی وڵاتی ئەفغانستان بوون.