زاری كرمانجی-سۆران:
مەسعود حەیدەر لەبارەی وەرگرتنەوەی دەستەڵاتەکانی وەکو بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، “پابەندی یاساین”.
ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، مەسعود حەیدەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “بەپێی ماددەی 71ی یاسای بودجەی فیدراڵی، ھەموو ئەو بەڕێوەبەرە گشتی و وەکیل وەزارەت و راوێژکارانەی بە وەکالەتن و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر نەداوە، ژمارەیان چەندین ھەزار پلە تایبەتە، لە بەرواری 01-12-2023ـەوە، ناتوانن دەسەڵاتی یاسایی و صلاحیاتی ئەو پۆستانە بەکاربێنن.”
کارەکانی مەسعود حەیدەر و چەندین بریکاری دیکە بەهۆی ئەو بڕیارەوە راگیراون، ئەو دەڵێت، ئەوە “کێشەیەکی گشتیی یاسایی دەوڵەتە و پێویستی بە چارەسەر ھەیە بە ھەماھەنگیی نێوان حکومەت و پەرلەمان.” دەشڵێت، “ئێمەش پابەندی یاساین.”
ئەو بریکارانە بەپێی مادەی 71ـی یاسای بودجە دەسەڵاتەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە. لەو مادەیەدا هاتووە، “حکومەت پابەندە کە تاوەکو 30-11-2023 کۆتایی بە بەڕێوەبردنی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بەوەکالەت بهێنێت، ئەگەرنا پێویستە فەرمانگە پەیوەندارەکان دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕییان رابگرن. پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران 30 رۆژ پێش وادەی دیاریکراو ناوی راسپێردراون بۆ پۆستی سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و پلەتایبەتەکان و بریکاری وەزارەت و راوێژکاران رەوانەی پەرلەمان بکات. پەرلەمانیش لەماوەی 30 رۆژی لەدوای رەوانەکردنی ناوەکان دەنگیان لەسەر بدات”.