شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی گیادەرمان، چەند ئامۆژگارییەكی بەسوود ئاراستەی ئەو كەسانە دەكات كە قژیان هەڵدەوەرێت.
د. بەدر سورچی، پسپۆڕی گیادەرمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” ئەوانەی كە كێشەی قژ هەڵوەرینیان هەیە دەبێ دوربكەونەوە لە خواردنی سووركراو، چەور و ناسروشتییەكان، پێویستە ئەوەش بزانن كە بۆیەكردن و بەكارهێنانی ماددە كیمیاییەكان ئەگەرێكی دیكەیە بۆ هەڵوەرین، چونكە قژ دەسووتێنێت و ئەمەش وا دەكات كە زیاتر هەڵوەرێت، لە بری ئەمە خەنەی سروشتی بێ بۆیە بەكار بهێنن، تا بكرێت خۆتان بەدووربگرن لە بەكارهێنانی جەلی، شامپۆ، سابوونی كیمیاوی، ئاوی گەرم و وشكەرەوە (مجەفە).
ئەم پزیشكە دەشڵێت” دووركەوتنەوە لە بەكارهێنان و زۆر خواردنی دەرمانەكان بەتایبەت ئارام بەخشەكان، هەروەها تا بكرێت خۆت بپارێزە لە خواردنی ئەو شیرینەمەنیانەی لە شەكر دروست دەكرێن، هەوڵبدە بە ڕێژەیەكی كەم بیخۆ، دروستكردنی شەربەتی سروشتی لە ماڵەوە و خواردنەوەی بە برسێتی، رۆژانە كەمێك پڕۆتین و ڕیشاڵ بخۆ وەك شۆفان و پاقلەمەنییەكان نیسك، فاسۆلیا، پاقلە، كوارك، ماسی و گۆشت، بڕێكی باش ئاو بخۆرەوە لە 10 تا 20 پەرداخ و خۆت بپارێزە لە دڵە ڕاوكێ.

































































