هیوا ساعدی
هەژار موكریانی، وەرگێڕ، نووسەر، زمانزان و شاعیر، لە (چێشتی مجێور)دا، كە بەشێكی زۆری ژیانی پڕ دەرد و كڵۆڵی و نەهامەتی خۆی دەنووسێتەوە، لە زۆر پێشهاتدا، كۆمێدیاییانە وەڵامی بەرامبەرەكانی داونەتەوە، تەنانەت لە ڕووداوی ناخۆشیشدا، دەستبەرداری قسەی خۆشی خۆی نەبووە، لەو كاتەشی لە پەنای بارزانی لە شۆڕش بووە، وازی لە قسە كۆمیدییەكانی نەهێناوە و زۆر جاران ئەوی بە پێكەنین هێناوە. وەك خۆشی دەڵێ، ئەو قسەخۆشانەی، كردووەتە پەردەپۆشی خەم و مەینەتی ژینی تاڵی.زۆر جار باسی كارامەیی هەژار، لە شیعر، وەرگێڕان و نووسیندا كراوە، بەڵام كەم جار ئاوڕ لە دونیا كۆمێدییەكەی دراوەتەوە. ئەوەی سەیرە، ژیانی خۆی و باوكی وەك یەك بوون، بە منداڵی دایكیان مردووە و بێ ناز ماونەتەوە، چوونەتە بەر خوێندنی فەقێیەتی. هەروەها باوكی كە ماڵی زۆر تاڵان كراوە، خێزانی خەمبار بووە و دڵی داوەتەوە، هەژاریش ماڵی تاڵان كراوە و دڵی خێزانی داوەتەوە.
هەژار لە چێشتی مجێوردا، سوودی لە بەهرەی دزان وەرگرتووە، كە لە دزێكەوە فێری ئەوە بووە دوای ڕۆژئاوابوون بخەوێت، بۆ ئەوەی خەوی شەوی بتۆرێ، لەو شەوانەی نووسین و وەرگێڕانی هەبووە.
عەبدولڕەحمان شەرەفكەندی” باسی ئەو كاتە دەكات بە منداڵی لە ماڵی قەرەنی ئاغای مامەش بوو، بە جۆرێك منداڵەكان لە خوارەوە دانیشتوون بۆیان نەبووە فزە بكەن، بەڵام هەر كاتێكدا ئاغا خافڵ بووایە، ئەم ئاوڕی لە منداڵەكان داوەتەوە و زمانی لێ دەرهێناون و لچی لێ خوار كردوونەتەوە و هەموویانی بە پێكەنین هێناوە، بە لێدانی دەستی نۆكەرانی ئاغای داون و دواتر كە منداڵەكان هێنراونەتەوە دیوەخانی ئاغا، ئاغا گوتوویەتی بێ حەیایینە هیچ نەبێت چاو لە كوڕی حاجی مەلا بكەن! مەبەست هەژار بووە.
هەژار لە سەروەختی فەقێیەتی، دەگە یەكی لە سوختەیەك بە ناوی قادر داوە، بە جۆرێك هەڵی خەڵەتاندووە بەوەی سیحرێك دەكات، وای لێ دێ هیچ كەسێك، ئەو كەسە نابینێت و ئەو هەمووان دەبینێت، مەگەر كەسەكە خۆی قسە بكات! سوختە زۆر مەمنوون بووە كە هەژار ئەو سیحرە بۆ ئەو بكات، هەژاریش پێشتر ئەهلی مەجلیس لەو فێڵە ئاگادار دەكاتەوە، ئیتر كە قادر دەباتەوە ناو كۆڕ، ئەهلی مەجلیس وا خۆیان پیشان دەدەن كە قادر نابینن، بە هەژار دەڵێن قادرت چی لێ كرد؟ بۆ دیار نەما؟ سوختە كە وا دەزانێت مەجلیسەكە نایبینن، دەچێتە بەردەم مەلای دەرسبێژیشیان و لچی خۆی لێ خوار دەكاتەوە، گوایە گاڵتەی پێ دەكات! ئەهلی مەجلیس (كە گوایە بە هۆی سیحرەكەوە نایبینن) دەكەونە پەل هاویشتن و شەق وەشاندن بەو نیازەی سا بەڵكوو شەقێك بەر قادر بكەوێت و هاوار بكات، بۆ ئەوەی بیبینن، ئیتر لەو بەینەدا قادر شل و كۆت دەكەن و سەعاتێك شەق بارانی دەكەن! هەژار زۆر جار ئەو بەزمەی دووبارە كردووەتەوە.
وەك هەژار دەیگێڕێتەوە؛ سەید عەوڵا شێتێك دەچێتە لایان بۆ حوجرە تا مارەی ژنی بۆ ببڕن، ئیتر هەژار دەڵێ پێمان گوت حەقەكەمان نەدەیەی و بیخۆیت، خۆت دەزانی بەستن هەیە، دەتبەستین! كابرا گاڵتەی پێ كردوون و حەقی نەداونێ، هەژار پێی گوتووە ئەوە بەستمانی! شەوی زاوای بەسترابوو، هاواریان بۆ هێناوە و حەقی مارەبڕینی هێناوە، هەژار دەڵێ پێمان گوت ئەوە كردمانەوە. ئیتر چووە و بووە بە زاوا! دەڵێ نەشمان بەستبوو، بەس لە ترسی ئەوەی پێمان گوت بەستوومانی، وای بەسەر هاتبوو!
هەژار لە سەروەختی گەنجیەتیدا كە گەنمی لە بۆكانەوە بۆ تەورێز بردووە بیفرۆشێت، بۆ ڕیشتاشین چووەتە سەرتاشخانەیەك، سەرتاش پێی گوتووە شتێكم بۆ بنووسە كە ڕیشتاشین بە قەرز نابێت؛ هەژار شیعرێكی بە فارسی بۆ نووسیوە، كە پوختەی واتەكەی ئەوە بووە: بێ ئینساف، تۆ ڕیشەكەت لای من دەتاشی و قەرزەكە نادەیەوە، دوایی من كوێت بگرم؟
ئەو كاتەی هێمنی شاعیر ژنی هێناوە، هەژار كە حیسابی برای زاوای بۆ كراوە، شەوەكەی ماڵی باوكی هێمن، میوانیان لە ڕادەبەدەر بووە، نوێن و ڕایەخی پێویست نەبووە، هەژار بە باوكی هێمنی گوتووە من عیلاجی دەكەم، ئیتر قوماری لەگەڵ میوانان كردووە و سەرقاڵی كردوون، تا بەیانی كەسیان نەخەوتوون و بەو جۆرە عیلاجی كەمجێی كردووە!
جارێك، لە سەروەختی لاویەتی دا هێمن و هەژار بانگهێشتی شوێنێك دەكرێن بۆ نانخواردن، لە ڕێگەدا هێمن بەر دەبێتەوە و دەبوورێتەوە دەیبەنە نەخۆشخانە، كە بە هۆش خۆی دێتەوە دەبینێت لەلای سەرییەوە هەژار دەگریت، كە هێمن لێی دەپرسێت دەمرم؟ هەژار سەری بەرز دەكاتەوە و سەیری ئاسمان دەكات تا هێمن فرمێسكەكانی نەبینێت و دەڵێت: وەڵڵا گوێم لە فڕۆكەی باڵی ئیزرائیل هەیە، جا نازانم بۆ تۆ هاتووە یان بۆ من! ئەم بەسەرهاتەیان دوای چەندان ساڵ لە سەروەختی پیریدا گێڕاوەتەوە، هەژار گوتوویەتی: خەمی هێمنم نەبوو، بۆ ئەو جەمە نانە بە پەرۆش بووم، كە لە كیسمان چووبوو!
هەژار لە چێشتی مجێوردا دەیگێڕێتەوە، كە دوای ڕووخانی كۆمار و كوێرەوەرییەكی زۆر، گەیشتووەتە دیوی عێراق، لە گوندێك بە نێوی (بێورە) لای
داوە و خۆی بە مەلا ناساندووە، دواتر چووەتە (كەناروێ)، وەك خۆی باسی دەكات، خەسوویەكی پیری زۆر ناحەزی لێ بوو، لێی پرسیم: كاكە مەلا، ڕاستە كەسێك دڵی جیرانان بێشێنێ لە قەبرەكەیدا دەبێتە مەیموون؟ گوتم: نا دایە گیان، خودا دوو جار كەس ناكاتە مەیموون!
كاتێك لە گوندی بیبیجەك بووە، شێخ لەتیف داوای كردووە هەژار شیعرێك بۆ شێخ مەحموود بنووسێت تا پیشانی بدات، بەو پێیەی زۆر باسی هەژاری بۆ باوكی كردووە. هەژار زانیویەتی كە شێخ لەتیف هەموو نووسراو و پەیامێك پاش گوێ دەخات، لە بری شیعر، كاغەزێكی سپی بۆ نووسیوە و پێی داوە، دوای ماوەیەك لە شێخ لەتیف دەپرسێت؟ شێخ مەحموود شیعرەكەی پێ چۆن بوو؟ ئەویش گوتوویەتی زۆری پەسەند كرد!
ئەو كاتەی هەژار و مەلا شكور مستەفا لە هۆتێل (سەرجسر) لە كەركووك پێكەوە ژیاون، مەلا شكور بە هەژاری گوتووە، خوێندوومەتەوە میوە هەر توێكڵەكەی بەسوودە و پێستی پیاو ساف و جوان و ڕووناكتر دەكات، ئیتر هەژار ڕۆژێك لە كار گەڕاوەتەوە بە مەلا شكوری گوتووە ئەمڕۆ شتێكی سەیرم دی، پیاوێك بەرامبەر چڕوچاوی گامێشێك ڕیشی دەتاشی. مەلا شكور لێی دەپرسێت چۆن؟ هەژار وەڵامی دەداتەوە: گامێش هێندە توێكڵی شووتی خواردبوو، دەموچاوی بووبووە ئاوێنە!
كاتێك چووەتە بەشداریكردن لە فێستیڤاڵی گەنجان لە ڕۆمانیا، لە شوێنێك پیاوێكی تووش دەبێت و كچێكی زۆر جوانی لەگەڵ دەبێت، پیاوەكە لە هەژار دەپرسێت تۆ ئەرمەنیت؟ هەژار دەڵێ نەخێر كوردم! پیاوەی ئەرمەنی پێی گوتووە نەكەیت قسە لەگەڵ كچەكەم بكەیت، نابێت ببێتە ئاشنات، باوكی من جیلۆ بوو، سمایل ئاغای سمكۆ كوشتی! هەژار زوو وەڵامی داوەتەوە: بەداخەوە! باوەڕ بكە من ڕازی نەبووم باپیری جوانی وا بكوژرێ!
كاتێك لە مەیخانەی جوندیان لە بەغدا، كاری كردووە، جارێك بۆ نانخواردن داوای دوو شیش جەرگی برژاوی كردووە، بە دوو سەموونی دەبڵەوە خەریكی خواردنی بووە، موشتەرییەكی عارەقخۆر كە لێی نزیك بووە، لێی پرسیوە ئەوە هەمووی دەخۆیت؟ هەژار گوتوویەتی: بڵێم چی؟ دكتۆر گوتوویەتی دەبێت شیوت سووكەڵە بێ! وەك هەژار خۆی دەڵێ كابرای پرسیاركەر كە پیاڵە نزیكی دەمی بووە، لە پڕمەی داوە و لیك و چڵمی تێكەڵ كردووە. لەبەر پێكەنین ژانی كردووە.
وەك خۆی لە چێشتی مجێوردا دەیگێڕێتەوە؛ جارێك كە لە سووریا بووە، دكتۆر ئەحمەد عوسمان دەعوەتی كردووە و گۆشتی برژاو و چوار بوتڵ شەرابی كڕیوە، كە چووەتە ژوورەوە سەیری كردووە جەمال حەیدەری سەرۆكی ئەو كاتی حزبی شیوعی عێراقی لێ بووە، وەك هەژار دەڵێ هەمیشە ڕقی زۆری لە ناوی كورد و كوردستان بووە، بەڵام لەوێ كە دانیشتوون بە كوردی قسەی كردووە، هەژار دەڵێ: “پەرداخێك شەرابی خواردەوە و ڕووی كردە من و گوتی كاك هەژار تۆ دەبێت شیعری باشمان بۆ بڵێیت، ئەوانەی تا ئێستا نووسیوتن باش نین، باسی كۆریا و دونیای دەرەوە بەكارمان نایەت، باسی كوردایەتی و ئازادی كوردستان بنووسە! هەژار دەڵێ بێ دەنگ، لینگم تا پشت ئەژنۆم هەڵكرد، ڕاست بوومەوە و تفە دەستێكم كرد. جەمال لێی پرسیوە بۆ كوێ؟ چ دەكەیت؟ هەژار: كاك جەمال بە پیاڵەیەك شەراب ئەوەندە كەوتوویتە سەر میللەت پەروەری، بەخوا وا نەكەم ناتگەمێ!
- هەژار موكریانی لە 15/ 4 / 1921 لە گوندی شەرەفكەندی مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و لە 21 / 2 / 1991 كۆچی دوایی كردووە.