شەهلا رەشید- سۆران
د. كامەران ڕەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، دەڵێت” لە كۆتایی وەرزی پایز و زستان مرۆڤ زیاتر ئەگەری تووشبوون بە پەتای وەرزی هەیە، بۆ زوو چاك بوونەوە و تێپەڕاندنی كۆمەڵێك خواردن و خواردنەوە پێویستن، كە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەكەین.
- خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، زۆر گرنگە بۆ بەهێزكردن و چالاككردنی بەرگری جەستە، بەڵام باشترە ئاوەكە شلەتین یاخود گەرم بێت.
-خواردنەوەی جۆرەها چاییە بەسوودەكانی وەك چای سەوز، بە گەرمی و بێ شەكر، یان كەوچكێك هەنگوینی تێ بكریت، چای ڕازییانە، گوڵەمێخەك، گوڵەبەیبوون كە ئەویش دەتوانرێت ڕەشكە و هەنگوینی لەگەڵ تێكەڵ بكرێت، و چای زەنجەبیل، كە ئەمەشیان دەكرێت لیمۆ یاخود هەنگوینی لەگەڵ تێكەڵ بكرێت.
-خواردنی شۆرباكانی گەرم، وەك هی مریشك كە یەكێكە لە خۆراكە گرنگەكان، هەروەها ئامادەكردنی شۆرباكانی پەڵپینە بە ترش، قارچك، سەوزەواتی وەك بڕۆكلی، سپێناخ، قەڕنابیت و گێزەر .
-گیراوەی ئاو و لیمۆ، ڕۆژانە دوو بۆ چوار جار بە تەنها یان لەگەڵ نەعنەع، یا هەنگوین یانیش زەنجەبیل تێكەڵ بكرێت.
-شیری گەرم.
باشترین جۆری خواردنەكانیش بریتین لەمانە:
- ماست
- میوە مزرەمەنییەكان وەك پڕتەقاڵ، لالەنگی، نارنج، هەنار، بلۆبێری و لیمۆ .
هەروەها ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین A وەك گێزەر، بیبەری زەرد، بەهێ، كەلەرم و پەتاتەی شیرین .
-خواردنی سیر، پیاز و ماسی بە تایبەت ماسی سەلەموون .