مستەفا دۆلەمەری – بارزان:
بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری بارزان، دەڵێت: لە دەڤەری بارزان چەندین گەنج هەن كە كاری نووسەری دەكەن و چەندین كتێب ئامادەن بۆ چاپكردن بەس پێویستییان بە هاوكارییە، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین هاوكاری نووسەر و رۆشنبیرانی دەڤەرەكەمان بكەن.
حەسەن بابەكر، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری بارزان، بە زاری كرمانجی راگەیاند: لە دەڤەری بارزان چەندین گەنج هەن كە كاری نووسەری دەكەن و بەهۆی نەبوونی ئیمكانیەت نەمان توانیووە وەكو پێویست هاوكاریان بكەین، كە لە ئێستادا زیاتر لە 10 كتێب ئامادەن كە بەرهەمی نووسەرەكانی دەڤەرەكەمانن هەمووشیان شیاون بۆ بڵاوكردنەوە.
بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری بارزان، گوتیشی: داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین هاوكاری نووسەرەكانمان بكەن، ئەگەر هاوكاری نووسەرەكانمان بكرێت زۆر گەنجی دیكە ڕوو لە بواری نووسین و خوێندنەوە دەكەن، لەگەڵ ئەوەش چەندین جار پێشبڕكێی خوێندنەوەمان ڕێكخستووە، بۆ ئەوەی حەز و ئارەزوو و خولیای گەنجانمان زیاتر بێت بۆ خوێندنەوە و نووسین.