شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان، دەڵێت” هەناسە تەنگی حاڵەتێكی نائارامە و هەوا بەزەحمەت دەچێتە ناو سییەكان، كێشەی هەناسەدان یەكێكە لە باوترین جۆرەكانی حاڵەتی فریاگوزاری لە منداڵان دا، چونكە وا دەكات منداڵەكە بە زەحمەت و قورس هەناسە بدات و هەناسەدانەكەش ئاسایی نییە.
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” هەندێكجار هەناسە تەنگی لەناكاو و بۆ ماوەیەكی كورت ڕوودەدات، بێ گومان ئەمەش لێكەوتەی وێرانكەری دەبێت لەسەر دەروونی كەسەكە، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا ئەم كێشەیە زۆر توند دەبێت، نموونەیەكی ڕوونیشی كێشەی هەناسە تەنگی دەمارەكانە لە منداڵان دا، ئەو منداڵانەی بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن زۆرجار بە ئەزموونی سەختدا تێدەپەڕن و كاریگەری لەسەر گەشەكردنیشیان دەبێت.
ئەم پزیشكە، چەند هۆكارێكیش دەخاتەڕوو و دەڵێت”هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە بەتایبەت بەشی خوارەوە، گیرانی لووت، تووشبوونی منداڵ بە هەستیاری و ڕەبۆ، یان قوتدانی تەنێكی بێگانە كە زۆرجار كار دەكاتە سەر سییەكان یاخود هەوكردنێكی قورس لە جەستەدا، جاری واش هەیە كەمخوێنی، قەڵەوی و كۆمەڵێك كێشە و گرفتی تر وا دەكەن منداڵەكە هەناسەی تەنگ بێ، هەر كاتێك منداڵ هەناسە تەنگ بوو پێویستە ڕاستەوخۆ ببردرێتە نەخۆشخانە یان سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكات بۆ ئەوەی لە كەمترین ماوەدا چارەسەر وەربگرێت.