مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ماوەی مانگی رابردوو زیاتر لە 100 كۆڵبەری كورد لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بوونەتە قوربانی.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماری قوربانیانی مانگی رابردووی كۆڵبەرانی كوردی لە سنوورەكانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوكردەوە و رێژەی قوربانیانی مێردمنداڵان زیادیكردووە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی رابردوو تشرینی دووەمی 2023، نزیكەی 118 كۆڵبەر و كاسبكاری كورد لە سنوورەكانی كوردستان بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لە دەستداوە و برینداربوونە.
لە ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هاتووە “لە ماوەی مانگی رابردوو 8 كۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و 110 كۆڵبەریش بریندار بوون.”
لە ماوەی مانگی رابردوو منداڵێك گیانی لە دەستداوە و 14 ی تریش بریندار بوونە .
بەپێی ئامارەكە چەندین منداڵ و مێردمنداڵی كۆڵبەر لە نێو قوربانیان هەن و دەڵێ “لە ماوەی مانگی رابردوو كۆڵبەرێكی منداڵ كوژراوە و ١٤ كۆڵبەری دیكەی منداڵ و مێرمنداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ بریندار بوون.”
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هێما بۆ ئەوەش دەكات رێژەی قوربانیانی كۆڵبەران لەگەڵ دوو مانگ بەر لە ئێستا 293 % زیادیكردووە .
هەنگاو هۆكاری گیان لە دەستدان و برینداربوونی كۆڵبەرانی لە ماوەی مانگی رابردوو خستووتە روو كە بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكان 6 كۆڵبەر گیانیان لە دەستداوە و 105 ی تریش برینداربوونە، هەروەها دوو كۆڵبەری تر بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون و 5 كەسی تریش بە هۆی رووداوی سروشتی بوونەتە قوربانی .