بەختیار سەباح-زاری كرمانجی:
لەگەڵ وەرزی پاییزو بارانبارینی زۆر، كوارگی وەرزی دەردەكەون و هاووڵاتییان ڕوو لە چیاو ناو دارستانەكان دەكەن، بە مەبەستی كردنی كوارگ.
رسول مستەفا، یەكێك لەو هاووڵاتییانەی خەڵكی ڕواندزە، بەردەوام دەچێتە شاخ و شارەزایی باشی هەیە لە كردنی كوارگ، بۆ زاری كرمانجی گووتی : ” دوێنی هەینی بە مەبەستی كردنی كوارگ، چوومە بناری چیای كوڕەك، نێزیكەی حەوت كیلۆ كوارگم هێنا، ئەوەش تەنیا بۆ خواردنی ماڵەوەم بوو”.
هەروەها گووتیشی، ئەو كوارگەی ئێستە “كوارگی پاییزی” پێ دەڵێن، زۆر جیاوازە لە كوارگی بەهاری، چونكە ئەوەی لە وەرزی بەهار دێت، تامەكەی زۆر خوشترە، رەنگی جیاوازە، قەبارەكەشی گەورەترەو نرخەكەشی لە بازاڕ زیاترە.
ئەو هاووڵاتییە باسی لەوەشكرد، ئەو كەسەی دەچێتە كوارگ، دەبێ شارەزایی باشی هەبێت، چونكە هەندێك جۆری كوارگ ژەهراوینە، بۆ خواردن نابن، مەترسی لەسەر گیانی مرۆڤ دروست دەكەن.