ڕەهوان ئیدریس سەعید
قوتابی قۆناغی چوارەم لە بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی سۆران
مرۆڤ بوونەوەرێكی جیاوازو تایبەتە، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پێشكەوتنە، هیچ كاتێك ڕەوڕەوی مێژوو نەك ناگەڕێتەوە بۆ دواوە، بەڵكو لە شوێنی خۆشیدا ناوەستێت، پەروەردەش هاوكارێكی باش و گرنگە بۆ ئەوەی پێشكەوتنانە دروست بن و لە خۆیدا بەكار بهێنرێن، پرسی پەروەردو پێشكەوتنیش دوو پرسی یەیوەست و گرنگن بە مرۆڤەوە، بۆیە لێكۆڵینەوە لەو دوو چەمكە بایەخی خۆیان هەیە.
بیرمەندانی بواری پەروەردە پێناسەی جیاوازیان لەسەر پەروەردە هەیە،ئەم جیاوازیانەش پەیوەندی بە پەروەردەوە هەیە لە ژیانی تاک و کۆمەڵدا. هەندێکیان پەروەردە بە پرۆسەیەک دەزانن کە گۆڕان لە هزرو بیرو رەفتاری تاکدا دروست دەکات و بەشێکیان وەک دامەزراوەیەکی جڤاکی لەبەرچاوی دەگرن و کاریگەری دوولایەنەی نێوان مامۆستاو قوتابی لە قوتابخانەدا بە کاکڵەی باسەکانیان دادەنێن.
ژان ژاک رۆسۆ” پەروەردە بە کەشتییەک دەشوبهێنێت کە دەتوانێت مرۆڤ لە زریان رزگار بکات. ئەو پێی وایە پەروەردە، بنەڕەت وژێرخانێکە کە دەکرێت سەرخانی کۆمەڵگایەکی تەندروستی لەسەر دروست بکەیت.
‘لێستەۆرد” ی کۆمەڵناس، پەروەردە بە کەرەستەیەک بۆ گۆڕان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا ناودەبات و پێی وایە کە ئەنجامی ئەو گۆڕان و پێشکەوتنە ژیان باشی و خۆشبەختی تاکی لێ دەکەوێتەوە.
هەرچۆن بێت سیستەمی پەروەردە لە سەردەمی جیهانی بوون و تەکنەلۆجیاشدا دەوری بێ رکابەری خۆی لە پەروەردەکردنی مرۆڤدا پاراستووە، دامەزراوەی پەروەردە مرۆڤ بۆ داهاتوو پەروەردە دەکات، هەربۆیە دەبێت دیدو بەرچاوروونی باشی لە دوارۆژو پێداویستی کۆمەڵگاهەبێت. ئەزموونی وڵاتانی پیشکەوتووی وەک ئەمریکاو ژاپۆن ئەوە نیشان دەدات کە گۆڕان و پێداچوونەوەی بەردەوام بە پێکهاتەو پڕۆگرامی پەروەردەدا دەبێتە هۆی پێشکەوتن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، جڤاکی، کەلتووری و…دا.
چەمکی پێشکەوتن، بەشێوەیەکی گشتگیرو فراوان پاش شەڕی جیهانیی دووەم، بووە جێگای باس و مشتومڕ. پێشکەوتن رەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئابووری، کەلتوورو سیاسەت و…هتد لە کۆمەڵگا دەگرێتەوە. پێشکەوتن، بریتییەلە کۆمەڵێک گۆڕان کە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگایەک لە هەلومەرجێکی تایبەتییەوە کەگونجاو باش نیە بۆ ژیان، بروات بەرەو هەلومەرجێکی باشتر. بەڵام ئەگەر ئەم پێشکەوتنە رووی لە مانەوەو خۆشبژێوی مرۆڤ بێت لە هەموو روویەکەوە، ئەوا بە پێشکەوتنی پایەدارو سەقامگیر ناوی دەبەن. و بە مانای هەوڵدانە بۆ دەستەبەر کردنی زنجیرەیەک ئامانجی ئابووری، جڤاکی، سیاسی و کەلتووری بەمەبەستی بردنەسەرەوەی ئاستی خۆش بژێوی و ئاسایش یان دابینکردنی ئاستێک لە پێداویستییەکانی مرۆڤی سەردەم، بە لەبەرچاو گرتنی ژیانی نەوەکانی داهاتوو، واتە پێشکەوتنێک کە لەگەل ژینگە سازگار بێت. یەکێک لەو جیاوازییە سەرەکیانەی کە لە نێوان وڵاتانی پشکەوتوو و وڵاتانی دواکەوتوو و روو لەگەشەدا هەیە، روانگەو رووانینی جیاوازی ئەو وڵاتانەیە بۆ پرسی پەروەردە وەک هۆکارێکی سەرەکی وچارەنووس سازی پیشکەوتن. پەیوەندی نیوان پەروەردەو پیشکەوتن، پەیەندییەکی راستەوخۆیە، واتە هەرچی ئاستی پەروەردە باشتربێت، پێشکەوتنیش خێراتر روودەدات. بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنێکی پایەدارو سەقامگیر، پێویستە وشیاری و ئاگایی پێویست لە بارەی دەورو نەقشی پەروەردە لەسەر پێشکەوتنی سەقامگیر لە ناو کۆمەڵگا دروست ببێت. بەواتایەکی تر، بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنی سەقامگیر، دەبێت ئەم پرسە ببێت بە خواستێکی گشتی و لە بیرو کرداری نەوەکانی کۆمەڵگا رەنگ بداتەوە. پیشکەوتن لە کۆمەڵگای مرۆییدا بە هۆی مرۆڤەکانەوە روودەدات و ئاستی کۆمەڵگاش هەردەم دەتوانێت سەنگێکی محەک بێت بۆ هەڵسەنگاندنی سیستەمی پەروەردەی پێشتر، وەک چۆن ئەمڕۆی پەروەردە سبەی کۆمەڵگا دیاری دەکات، سبەیش کۆمەڵگا، بڕیار لەسەرکارنامەی ئەمڕۆی سیستەمی پەروەردە دەدات. ئەگەر دەسەڵات و کۆمەڵگا بە دوای پێشکەوتنەوە بن، پێویستە سیستەمی پەروەردە ئەرکی سەردەمیانەی خۆی ئەنجام بدات، چوون ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگا باش پەروەردە بکرێت، نەک هەر لە هەمبەر ئەو گۆڕانانەی کە بۆ پیشکەوتن پێویستن خۆڕاگری ناکەن، بەڵکو پێشوازی لێدەکەن.
ئەگەر بمانەوێت كۆمەڵگەی كوردی بونیادێكی مەزن و پێشكەوتوو بە خۆیەوە ببینێت، دەبێت لە قوتابخانەكانەوە دەست پێ بكەین، ئەویش بەو هەنگاوانەی خوارەوە :-
*حكومەت زۆرترین بڕی بودجە بۆ وەزارەتی پەروەردە دابین بكات، هەروەكو وڵاتان كە لە 23% كەمتر نەبێت، لەم رێگەیەوە كەسانی شارەزاو لێهاتوو و دەست پاك و زیاتر لێهاتوویی و شارەزایی لە كەسایەتی ببیندرێ، وەك لێژنەیەك لە وەزارەت كار بكەن و سانسۆرێكی بەهێز بخەنە سەر وردەكارییەكانی سەرفكردنی پارە، لە هەر شوێنێك كەسانێكی لاواز و مشەخۆری كۆمەڵگە، لە سەر بەرژەوەندنی تاكەكەس كارەكانی ئەنجام دا، رووبەڕووی لێپرسینەوەیەكی توند ببێتەوە، ئەگەر ئەو كەسە سەر بە هەر فیكرە و ئایدیەك بێت، چاوپۆشی لێ نەكرێت.
*وەزارەتی پەروەردە هەوڵ بدات زۆرترین بینای قوتابخانە دروست بكات، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی قوتابی لە پۆلەكاندا، وەزارەت پلانی هەبێت و هەوڵ بدات لە قوتابخانەكان دوو دەوامی نەمێنێت، پلانەكانی لە دروست كردنی قوتابخانەكان درێژ خایەن بێت، تاوەكو لە داهاتوودا تووشی قەیرانی قوتابی زۆری نەبێتەوە.
*گرنگیدان بە مامۆستایان و چارەسەركردنی گرفتەكانیان، سوودمەندبوونی مامۆستا بە خانوو، دابینكردنی دایەنگەی تایبەت بە مامۆستایان، نەبوونی كێشەوگرفتی هاتوچۆ، تاوەكو مامۆستایان بتوانن بەبێ هیچ كێشەیەكی دەروونی و لاوەكی ئەو ئەركەی لە سەرشانیانە بیگەیەنن بە قوتابیان، واتە ئەگەر هەر چین و توێژیكی كۆمەڵگە گرفتی هەبێت، نابێت مامۆستا لەو چینە بێت لە ناو گرفت ژیان بە سەر بەرێت، چونكە مامۆستا بونیادنەری كۆمەڵگەیە و پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەكیش لە پەروەردەوە دەست پێ دەكات، هەروەها پێویستە مامۆستا ناچار نەبێت كاری دووەم ئەنجام بدات، واتە پێدانی مووچەی شایستە كە لەگەڵ بارودۆخ و گوزەرانی ئەم سەردەمە بگونجێت،
سیستەمی خوێندن و پەروەردە كردن رۆڵێكی ئەرێنی لە پێشكەوتنی رەوتی كۆمەڵگە هەیە، لەبەر ئەوە پێویستە گرنگیی زیاتر لەلایەن حكومەتەوە بەو سێكتەرە بدرێت، ئەو سێكتەرە كاریگەری لەسەر پاراستنی باری تەندروستیی منداڵ لە لایەنی جەستەیی و دەروونییەوە هەیە، كە هزر و فكر و بیركردنەوەی كارامەیی منداڵ و پێگەیاندنی نەوەكان بەشێوەیەكی زانستی و پێگەیاندنیان بۆ قۆناغی گەورەیی و ژیانی پیشەیی و خێزانیان مسۆگەر دەكات، بوونی كۆمەڵگەیەكی ساغڵەم و تەندروست دەرهاوێشتەی پەروەردەیەكی دروستە، بەپێچەوانەوە خراپیی سیستەمی پەروەردە و دابڕانی منداڵ لە خوێندن رەوتی كۆمەڵگە پەك دەخات، دابڕانی منداڵ لە خوێندن و كارپێكردنیان كەسایەتیی منداڵ دەكوژێت كە هەر لە منداڵییەوە دەخرێتە ژێر بارێكی قورس، كە نە لایەنی جەستەیی و نە لایەنی دەروونی بەرگەی ئەو بارە قورسە ناگرێت”.