زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا گەیشتە ئیمارات.
رۆژی پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم بۆ بەشداری لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) گەیشتە ئیمارات.
دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، “خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا”.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، “پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت”.
لەکاتی گەیشتنی بۆ دوبەی، شاندێکی ئیماراتی و باڵیۆزی عێراق لە ئیمارات پێشوازییان لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد کە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند بەرپرسێکی دیکەی حکومی یاوەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەن لەم سەردانەی بۆ ئیمارات.
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) کە رۆژانی (1-2ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە شاری دوبەی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بە بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەم لوتکەیە دەکات کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.
لە لوتکەکەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە چەندین بۆنەدا، هۆشداری لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی داوە و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر جیهان.