ئەمریكا سزای نوێی بەسەر ژمارەیەك كەسایەتی و كۆمپانیا سەپاند كە ئاسانكاری بۆ پارەداركردنی سوپا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە ناوچەكە دەكەن.
وەك لە هەواڵی ئاژانسی جیهانی (ئەسیۆشەیتد پرێس) بڵاو بۆتەوە، سزاكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا “هەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە كە بەشدارن لە كڕین و فرۆشتن بە نەوتی ئێرانەوە و ئاسانكاری دەكەن بۆ ئەوەی سوپا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران پارەدار بكرێن”.
ئاژانسی جیهانی ئەسیۆشەیتد پرێس زیاتر نووسیویەتی ” كە لە هۆنكۆنگەوە تا دوبەی، هەموو ئەو كۆمپانیا و بازرگانانەی گرتووەتەوە كە كاریان بۆ بەبازاڕكردنی نەوتی ئێران كردووە”.
بەپێی هەواڵەكە ” پاكێجی سزاكانی ئەم جارەی ئەمەریكا هەریەكە لە فەرمانبەران، دەڵاڵەكان و ئەو مامەڵەكارانە دەگرێتەوە كە دەستیان لەگەڵ كۆمپانیای (سیپێهر ئینێرجی)ی ئێرانی تێكەڵ كردووە، كە پێشتر كۆمپانیاكە لە لیستی سزادراوانی ئەمەریكادا بووە.”
بە گوێرەی ئەو بەیاننامەیەی شەوی رابردووی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ” ئەو كۆمپانیا ئێرانییە (سیپێهر ئینێرجی)ی سەرچاوەی داراییە بۆ ئەو گرووپانەی بوونەتە هۆی ئاڵۆزی لە ناوچەكە، كە ئەوانیش هەریەكە لە سوپای ئێران و میلیشیاكانی وەك حەماس و حزبوڵا دەگرێتەوە.”