زاری کرمانجی – سیدەکان
ماوەی هەشت رۆژە تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە بیانووی لێدان و کردنە ئامانجی بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگەکانی دیموکرات، بەچڕی ناوچە سنوورییەکانی دەڤەری برادۆست تۆپباران دەکات .
تۆپبارانەکە لە سەنتەری ناحیەی سیدەکان بە باشی هەستی پێدەکرێت, ترس و دڵەڕاوکێی لای گوندنشیان و کاسبکارانی دۆڵی زەرزێ دروست کردووە و تا ئامادەکردنی ئەو هەواڵە بەردەوامی هەیە .
پەیامنێری زاری کرمانجی لە سیدەکان رایگەیاند:” ئەمڕۆ ناوچەی بەربزین لە سنووری ناحیەی سیدەکان بە چڕی تۆپباران کرا و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە .
زیاتر گووتی:” بەهۆی تۆپبارانەکە, هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل نەبۆتە قوربانی, بەڵام لە هەر بۆردومان و تۆپبارانێک کە لە ناوچەکە ئەنجام دەدرێت زیان بەر ژینگە و سرووشت دەکەوێت و ترس و دلە ڕاوێکی لای هاووڵاتی و گوندنشینان دروست کردووە .
پەیامنێری زاری کرمانجی, گووتیشی:” پێشتر هەریەک لە گوندەکانی بنی ڕەشکین, سەقەر, هۆڕنێ و دەرهۆڵ, تەلان و چەند شوێنێکی دیکەی تۆپباران کراوە, لە ترسی تۆپبارانەکان ژمارەیەک ماڵ لە کاسبکار و گوندنشینان شوێنەکانیان جیهێشتووە و قوتابخانەی گوندی بنی رەشکین ماوەی هەشت رۆژە داخراوە .
سیدەكان لە رووی کارگێڕیەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە, خاوەنی 250 گوندە, زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بۆردمان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی رابردووشدا, لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان لە دەڤەری برادۆست دەیان كەس بوونەتە قوربانی.