به‌ختیار سه‌باح-زاری كرمانجی:
سه‌رچاوه‌یه‌ك له به‌نكی ڕواندز ڕایگه‌یاند، هیچ لیژنه‌یه‌ك له پڕۆژه‌ی “هه‌ژماری من” نههاتۆوهته ڕواندز، فه‌رمانبه‌ران بۆ خۆتۆماركردن ده‌چنه سۆران.
هۆشمه‌ند ره‌سول، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نكی ڕواندز بۆ زاری كرمانجی گووتی : “پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من، له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ چه‌ند بهنكێكی ئه‌هلی كراوه، بۆ دروستكردنی هه‌ژماری به‌نكی، بۆ ته‌واوی مووچه خۆرانی هه‌رێمی كوردستان”.
هه‌روه‌ها گووتیشی، بڕیاره بۆ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو، ته‌واوی مووچه خۆرانی پارێزگای هه‌ولێر ببنه خاوه‌ن كارتی به‌نكی و مووچه به كارت وه‌ربگرن، به ته‌واو بوونی ئه‌و پڕۆژه‌یه كێشه‌و گرفته‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه، نۆره‌گرتن و قه‌ره‌باڵغی له‌سه‌ر به‌نكه‌كان نامێنێ.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌شێكی زۆر له فه‌رمانبه‌رانی ڕواندز بۆ خۆتۆماركردن له پرۆژه‌ی “هه‌ژماری من” چوونه‌ته سۆران، به‌شێكی تریان له رێگه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمێك له فه‌رمانگه‌كه‌یان كاره‌كانیان ئه‌نجامداوه، ئێمه وه‌ك به‌نكی ڕواندز بۆ ئاسانكاری فه‌رمانبه‌ران، ئاماده‌ییمان ده‌ربڕی بۆ كارمه‌ندانی پڕۆژه‌ی “هه‌ژماری من”، به مه‌به‌ستی تۆماركردنی مووچه خۆرانی قه‌زای ڕواندز.
به‌پێی زانیارییه‌كانی زاری كرمانجی، له قه‌زای رواندز زیاتر له دوو هه‌زار مووچه خۆری شارستانی و سه‌ربازیی هه‌یه.

































































