موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
پڕۆژەی ڕێگای سەرەکی گوندەکانی گەلی شێخزادان لە سنووری قەزای سیدەکان گەیشتە قۆناغی کۆتایی و هاووڵاتییانی ناوچەکە داواکارییات هەیە و داوای بەربەست بۆ پێچەکانی ڕێگاکە دەکەن .
هاوار عەبدوڵڵا گەنجێکی دەڤەرەکەیە بە زاری کرمانجی گووت:” وەکو دانیشتوانی گەڵی شێخزادان، داواکارین لە لایەنی پەیوەندیدار کە دوای قیڕتاو کردنی ڕێگای سەرەکی گوندەکانمان، بەمەبەستی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان پێچەکانی گەروی ئاڵانە بەڕبەستی بۆ دابنێن، چونکە ڕێگاکە پێچ و بەرز و نزمی زۆری تێدایە و لە وەرزی زستانان مەترسیدار دەبێت، بۆ ئەوەی شوفێران دوربن لەڕووداوی نەخوازراو .
لای خۆیەوە، زوبێر محەمەد ئەندازیاری سەرپەرشتیار لە پڕۆژەكە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند،:” پڕۆژەی ڕێگەی گەلی شێخزادان بە گوژمەی یەك ملیار و 238 ملیۆن دینار لەسەر بوددجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدان کردنەوە و نیشتەجێ کردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەلایەن كۆمپانیای ” كۆڕەك ” بۆ بەڵێندەرایەتی دەست بەجێبەجێ كردنی كرا و ئێمەش وەك بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگە و بانی سۆران سەرپەرشتی دەكەین، پڕۆژەکە لە قۆناغی کۆتایدایە و تەنها یەک کیلۆمەتری ماوە قیڕ بکرێت.
زیاتر گووتی:” پڕۆژەكە هیچ بڕگەیەكی وای تێدا نییە تا كەم و كوڕی تێدابێت، تەنها بەردی شكاو ” موكەسەڕ ” و قیڕتاوكردنە، ئەم دوو بڕگەیەش هەر خۆی نابێت كەموكوڕی تێدابێت، ئێمە نوێنەری حكوومەت و سەرپەرشتیارین، بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادەین پڕۆژەكەكە بە كەموكوڕی و گرفتەوە تەواو بكرێت، هەر کێشەیەکی هەبێت پڕۆژەكە لە حكوومەت وەرناگیرێت .
گووتیشی:” دانانی بەربەست بۆ پێچەکان زۆر پێویستە، بەڵام لە پڕۆژەکەدا نەبوو، بۆیە دەبێ دانیشتوانانی ناوچەکە بۆ ئەم مەبەستە داواکاری پێشکەشی قائیمقامییەت و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکەن، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی و دانانی بەربەست بۆ پێچەکانی ڕێگای گەلی شێخزادان”.
































































