شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی :
بەشێك لە هاووڵاتییان گلەیی لە نەبوونی دەرزی دژە ژەهر لە نەخۆشخانەكانی سۆران دەكەن، بەڵام بەرپرسی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری دەڵێ:”دەرزی دژە ژەهرمان هەیە”.
لەمبارەیەوە رێبوار سەیفەدین، بەرپرسی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئێمە لە بەشی فریاكەوتن دەرزی دژە ژەهرمان هەیە، بۆ ئەو كەسانەی تووشی پێوەدان و گەستنی مار و دووپشك دەبن”،
ئەوەش دەڵێ :” ئەو جۆرە دەرزییە لەلایەن حكومەت یاخود رێكخراوە بیانییەكان بۆمان دابین دەكرێن، نرخەكەی زۆر گرانە و لە دەرەوە دەست ناكەوێت”،
بەرپرسی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری ئاشكرای دەكات، ئەو بەشە دەرزییەی ئێستا لە نەخۆشخانەكەدا هەن ماوەیان بەسەرچووە و دەڵێ:” ئەو وەجبەی ئێستا ماوە لە نەخۆشخانە، ماوەیان بەسەرچووە و دەبێت لەناو ببرێن و داوامان لە وەزارەتی تەندروستی كردووە بۆمان دابین بكەن، ئەگەرچی هەمیشە بۆمان دابینكراوە و كەموكورتیمان نەبووە لەم رووەوە”.