پارێزەر کاروان عزیز اغا بێشەی
کاتێک لە مانگی ئەیلولی ئەم ساڵ( 2023 ) کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە بەدیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی کە بەلای منەوە زۆر سەرنجڕاکێش بوو ئامانجی ئەو پرۆسەیە بوو کە لە سایتی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە (هەژماری من) نووسرابوو « ئامانج لەو پرۆسەیە ئەوەیە هەرێمی کوردستان ببێت بە ناوەندێک کە تیایدا مامەڵە بە پارەی کاش نەمێنێت».
راستە پرۆسەکە سەرەتا بە رێکخستنی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی( حکومی)دەستی پێکرد و، حکومەت بە فەرمانبەرانی گوت « ئەمە بۆ پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی و دابینکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی دارایی ئێوەیە، بەهۆی هەژماری من دەتوانن پارەی کاش لە هەموو ئامێرێکی ئەی تی ئێم (ATM) ڕابکێشن کە کاریی پێدەکرێت لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش ئاسایشی داراییتان باشتر دەکات»، بەڵام ئامانج لە ئەو پرسەیە بە دیجیتالیکردنی تەواوی سیستەمی دارایە لە هەموو سێکتەرەکانی هەرێمی کوردستان.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجی لە دەستیپێکردنی ئەو پرۆسەیە لە کەرتی گشتی ئەوە بوو فەرمانبەران و خانەنشینان پێش هەمووان سود لەو پرۆسەیە ببینن و لە لەکاتی دابەشکردنی مووچە لە گەرمای هاوین و سەرمای زستان دا بەبێ سەرەگرتن و قەرەباڵغی لەبەردەم بانکەکان و دامودەزگاکان موچەکانیان وەربگرن، هەروەها فەرمانبەران و خانەنشینان لەکاتی گەشتکردن کاتێک پێویستیان بە پارە دەبێت بتوانن لە هەر شارێکی کوردستان و دەرەوەی کوردستان مووچەکانیان لە رێگەی بانک یان ئامێرەکانی (ATM) وەربگرن، پێویستیان بە یارمەتی هیچ کەسێک نەبێت پارەیان بۆ حەوالە بکات.
بەڵام ئامانجی حکومەت لە پرۆسەی (هەژماری من) تەنها تایبەت نیە بە مووچەی فەرمانبەران و خانەنیشینان، هەنگاوی دووەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە پرۆسەی (هەژماری من) دەگوازرێتەوە بۆ کەرتی تایبەت، ئەوەش سەرەتایی دەستپێکردنی نەمانی پارەی کاشە، واتە لەمەودوا پارە لە کوردستان هەمووی بە دیجیتاڵی دەکرێت، ئەمەش بە واتای شەفافیەت لە قەبارەی سەرمایەی هەموو تاکێک لە کوردستان.
یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی پرۆسەی (هەژماری من)نەمانی گەندەڵی و ئاشکراکردنی سەرچاوەی پارەی بزنسی نایاساییە، وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژاوا توانیویانە لە ڕێگەی سیستەمی بانک و بەدیجیتاڵکردنی سەرمایە ڕێگە لە دەوڵەمەند بوونی ناشەرعی بگرن، لە دونیای رۆژائاوا لە رێگەی بەدیجیتاڵکردنی پارە توانیویانە ڕێگە لە زیادبوونی لەناکاوی سەرمایەی بەهۆی بازرگانی نایاسایی تاک بگرن، لەو وڵاتە پێشکەوتووەکان هیچ مرۆڤێک ناتوانێت لەپڕ ببێتە خاوەن پارەیەکی زۆر، بەشێوەیەکی سیستەماتیک لێکۆڵینەوە لە حسابی بانکی هەر کەسێک دەکرێ کاتێک پارەیەکی زۆر دەچێتە سەر حیسابە بانکییەکەی.
بەم شێوەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی (هەژماری من) دەتوانێت ڕێگە لە گەندەڵی بگرێت، رێگە لە بەکارهێنانی سامانی گشتی لەلایەن بەرپرسەکانەوە بگرێت، سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە رێگە لە هەموو کەسێک دەگرێت لەسەر حیسابی مولکی گشتی یان بازرگانی نایاسایی ببنە خاوەن پارەیەکی زۆر و سەرمایەدار، بۆیە دەتوانین بڵێین (هەژماری من) سودی زۆری بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان هەیە و، گرنگترین سودی ئەو پرۆسەیەش ئەوەیە کە ڕێگە دەگرێت لە سپیکردنەوەی پارەی ناشەرعی دروسبوونی دەوڵەمەندی فەیک.