زاری كرمانجی-سۆران
ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە پرۆژە و چالاکییەکانی ئاژانسی جایکای ژاپۆن لە هەولێر بەڕێوە چوو، لەو ڕێوڕەسمەدا سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد.
دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان، ئامادەبوانی هێژا
زۆر خۆشحاڵم كە لەگەڵتاندا بەشدارم و زۆر خۆشحاڵم كە باڵوێزی ژاپۆن لەگەڵ ئێمە بەشدارە، هەروەها بەرپرسی جایكا لە عێراق و نوێنەرانی تری جایكا كە لێرەن، من زۆر زۆر خۆشحاڵم كە ئەم دەرفەتەیان ڕێك خست بۆ ئەم بۆنەیە و منیش بەشدارم لەگەڵ ئێوە.
خۆشحاڵم كە بەشدارم لەگەڵ ئێوە بۆ ئەو بۆنە گرنگە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كار و چالاكی و پرۆژەكانی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی و هاوكاری و هەماهەنگییان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵانی ڕابردوودا لە چەندین پرۆژەی گرنگ و جۆراوجۆردا هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
ئاشكرایە دەوڵەتی ژاپۆن ئەزموونێكی زۆر دەوڵەمەندیان هەیە كە لە جیهان مایەی ڕێز و پێزانین و سەرسامییە و ئەزموونێكە دەكرێ ئێمە لە كوردستان سوودی لێ وەربگرین. خەڵكی ژاپۆن لە سەدەی ڕابردوو بە قۆناغی زۆر سەختدا تێ پەڕین وەكوو خەڵكی كوردستان، شەڕ و كاولكاری و ماڵوێرانییەكی زۆریان بینی، بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو ناخۆشی و كارەساتانە، ژاپۆنییەكان نموونەیەكی زۆر سەركەوتوویان لە دوای كۆتایی جەنگی جیهانی پێشانی جیهان دا. كاتێك دوای ئەو هەموو كاولكارییەی بەسەریاندا هات، دەستیان بە پرۆسەیەكی فراوان و هەمەلایەنەی ئاوەدانكردنەوە و بونیادنانی وڵاتەكەیان كرد، ئەمەش تەنیا بە پشتبەستن بە هێز و سەرمایە مرۆییەكان.
ئەمڕۆ ژاپۆن یەكێكە لە گەورەترین و پێشكەوتووترین وڵاتانی دونیا لە بواری پیشەسازی و تەكنەلۆژیادا. بۆیە دەتوانین بڵێین كە ئەزموونی سەركەوتووی ژاپۆن بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان زۆر مایەی سوود لێوەرگرتنە، بەتایبەت لە بواری وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لەسەر داهێنان و كاركردن بە دڵسۆزی و ڕێزگرتن لە كات و خۆشویستنی وڵات و پاراستنی ناسنامە و تایبەتمەندیی خۆمان.
رێز و پێزانینێكی زۆرمان بۆ خەڵك و حكوومەتی ژاپۆن و بە تایبەتی ئاژانسی جایكا هەیە كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە چەندین بواردا هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بە تایبەتی لە پشتیوانیكردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و كشتوكاڵ و هەروەها پەرەپێدانی توانای مرۆیی و ڕاهێنانكردن بە بەرپرس و كارمەندانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
هیوادارم ئەو بەڕێزانەی خولی ڕاهێنانیان دیتووە لە ژاپۆن یان لە هەرێمی كوردستان لە لایەن پسپۆڕانی ژاپۆنییەوە ڕاهێنانیان پێ كراوە، سوودیان لە ئەزموونی دەوڵەمەندی ژاپۆن بینیبێت و ئەو شارەزایی و پسپۆڕییەی بەدەستیان هێناوە، لە بوارەكانی خۆیان لە نێو دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكاری بهێنن و ڕۆڵی خۆیان لە پرۆسەی گەشەپێدان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و كارگێڕیی هەرێمی كوردستاندا بگێڕن.
وێڕای پێزانینی دووبارەم بۆ هاوكارییەكانی ئاژانسی جایكا، هیوادارم هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان لەوەی كە هەیە فراوانتر بكەن، خوازیارین ئەو هاوكاری و هەماهەنگییەی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، زیاتر پەرە بستێنێت، وەبەرهێنان و هاتنی كۆمپانیاكانی ژاپۆنی بۆ هەرێمی كوردستان بەرفراوانتر بێت، بۆ ئەوەی هاوكار و یارمەتیدەرمان بن لە پرۆسەی چاكسازیی هەمەلایەنە كە دەستمان پێ كردووە تا سوود لە ئەزموونی سەركەوتوو و دەوڵەمەندی ژاپۆن لە بواری ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و داهێنان ببینین.
ببوورن من ژاپۆنی نازانم بۆ ئەوەی سوپاستان بكەم، بەڵام جارێكی تریش دەستخۆشیتان لێ دەكەم و سوپاستان دەكەم، ئێوەش هەر شاد و سەركەوتوو بن.