مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی ئاسنی ڤان ستیل رایگەیاند: رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازی لە کوردستان و هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت.
دەقی تاری وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ لێرەم، پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار، گرووپی گەلیاوە دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە کە بە ستاندارێکی جیهانی و بەکارهێنانی پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا دروستکراوە.
کردنەوەی ئەم کارگەیە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازی لە کوردستان و رەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان، جێی دەستخۆشییە کە کارگەکە پابەندبوونی خۆی بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی پاراستنی ژینگە و بەردەوامی ژنینگەیی دەربڕیووە، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی شێواز و تەکنیکی پێشکەوتوو کە دۆستی ژینگەیە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا بە هاوکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت، پلان و بەرنامەی گرنگی هەبووە، بۆ بایەخدان بە کەرتی پیشەسازی، بەتایبەت لە بوارەکانی پیشەسازی خۆراک و پترۆکیمیا و پیشەسازی کانزخاکان و دابینکردنی ماددەی خاو بۆ پیشەسازی بچووک و مامناوەند، هەروەها دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، کە چەند رۆژێک پێش ئێستا بەردی بناغەی ناوچەیەکی پیشەسازیمان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دان.