مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران كە تایبەت دراوە بە زاری كرمانجی لە ماوەی دە مانگی ڕابردوو زیاتر لە 50 كەس بە هۆی سەرپێچییەكانی سەر ژینگە و بڕینەوەی داری تەڕ دەستگیركراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەش بۆ چەندانی تر ئامادەكراوە.
عەقید ئەمیر خۆشەوی گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران ئاماری دە مانگی ڕابردووی چالاكی بەڕێوەبەرایەتییەكەییان بۆ زاری كرمانجی دەخاتە ڕوو و دەڵێ “لە ماوەی دە مانگی ڕابردوو 15 ڕووداوی ئاگركەوتنەوە هەبوو، بەڵام بەزوویی كۆنترۆڵمان كرد و نەمانهێشت زیانی زۆر بە ژینگە و سروشتی ناوچەكە بگەیەنێت،”
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سۆران ژمارەی ئەو كەسانەی دەستگیركراون لە سەر بڕینەوەی داری تەڕ و ڕاوكردن و دروستكردنی ڕەژوو بۆ زاری كرمانجی ئاشكرا دەكات و دەڵێ “بە گشتی لە ماوەی دە مانگی ڕابردوو، نزیكەی 55 كەس بە هۆی سەرپێچی كردنی سەر ژینگە دەستگیركراون و ڕادەستی دادگا كراون و چەندانی تریش پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە ،”
دەشڵێت ” لە ماوەی دە مانگی ڕابردوو، 1500 فەردە ڕەژوو دەستی بەسەر داگیراوە و 5 دۆسیەیی ڕاوكردن و 30 دۆسیەیی بڕینەوەی داری تەڕ و یەك بیر لێدان هەبوو.”