مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بریكاری وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق دەبێت و بۆ نیوەی نرخی ئێستاى كەم دەكرێتەوە.
د. عیزەت سابیر بریكاری وەزیری نەوتی عێراق ئاماژە بە هەوڵ و كارەكانی وەزارەتەكەی دەكات بۆ هەرزانكردنی نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان و ڕاگەیاند كە لە سێ هەفتەی ڕابردوودا داوایان لە وەزیری نەوت كردووە تا نرخی نەوت لە هەرێم هاوتای پارێزگاكانی تری عێراق بێت و دەڵێ “بە وەزیرمان وت ناكرێت نرخی بەرمیلێك نەوت لە ناوچەكانی دیكەی عێراق 30 هەزار دینار بێت و لە هەرێمی كوردستان بە 100 هەزار بێت،”
بریكاری وەزیری نەوتی عێراق باس لەوەش دەكات كە وەزیری نەوت داواكەی پەسەند كردووە و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئابووریدا بڕیاری لێدراوە و پەسەندكراوە.
د. عیزەت ئەوەش دەڵێ “لە سەرەتای مانگی داهاتوو یەك بەرمیل نەوت بە 50 هەزار دینار دابەش دەكرێت،”
بریكاری وەزیری نەوتی عێراق دەشڵێت “هەوڵ دەدەین بە هەمان جۆر بەنزین و گازیش نرخەكەی داببەزێت. عێراق یەك عێراقە و ناكرێت نرخی یەك لیتر بەنزین لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق 450 دینار بێت و لە هەولێر و سلێمانی و شارەكانی دیكەی هەرێمی لە سەرووی 850 دینارەوە بێت.”

































































