مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشكرای دەكات هەندێك لە بارزگانان دەیانەوێت گرانی بخەنە بازاڕ و نرخی هەندێك خۆراك بفڕینن، بۆیە دەڵێ بە زوویی دەست بە دابەشكردنی سەبەتەی خۆراك دەكرێت.
موسەنا فەریجی گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2023، راگەیاند “وەزارەتی بازرگانی دەستی كردووە بە خێراكردنی دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی پێش كۆتایی ئەمساڵ.”
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەوەش دەڵێ “وەزارەتی بازرگانی بۆ سنوورداركردن و رێگریی لە بازرگانان كە نرخی خۆراك گران نەكەن، هەروەها پێش كۆتایی ساڵ، یەك سەبەتەی خۆراكی تر دابەش دەكرێت بە هەمان كوالێتی دوو مانگی رابردوو.”
موسەنا فەریجی، لەسەر پێشنیاری زیادكردنی بابەتی نوێ بۆ سەبەتەی خۆراك باس لەوە دەكات كە ئاماژەی باش هەیە بۆ زیادكردنی (پەنیر و شیر و ئاردی سفر) بۆ سەبەتەی خۆراك، دڵنایی دەداتە هاووڵاتییان كە ئەو ماددانە لە ساڵی نوێیەوە زیاد دەكرێن.