سەدا پەنجای کارەکان تەواو بوونەو دەستکاری ناوەکان کراوەو هەندێکیان لابراون
محەمەد مەحموود- سۆران:
دوای ئەوەی لیستی مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بڵاو کرایەوە و بەشێک لەو ناوانە بوونە جێگەی تێبینی و ناڕەزایی و گلەیی و گازاندەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش وای کرد بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران ئەو لیستە ڕابگرێت و لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە پێداچوونەوە بەو لیستە بکات.
لەم بارەیەوە ئەحمەد حەمەدەمین، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند لیژنەیەک لەسەر ئاستی باڵای بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران پێکهێنراوە و سەرپەرشتی و ئیشوکارەکانی لیستی مامۆستایانی وانەبێژ دەکات و هێشتا کارەکان بەدروستی تەواو نەکراون ، ئەو لیژنەیە کارەکانی خۆی دەست پێکردووە و سەدا پەنجای کارەکان تەواو بوونە و چەند ڕێکارێکی تر ماوە بۆ ئەوەی دیسان لیستی مامۆستایانی وانەبێژ دابندرێتەوە”.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد” بەشێک لە ناوەکان لابراوان ئەوانەی بڕوانامەی پەیمانگەیان هەیە و یان دەرچووی ئەمساڵ بوونە، بۆئەوەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامۆستایانی وانەبێژ دابندرێن و مافی کەسیان پێشێل نەکرێت، بۆیە ئەو لیژنەیە پێداچوونەوە بەکۆی لیستی مامۆستایانی وانەبێژدەکات لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران و کامەیان شایەنترە ئەوان دادەندرێن.

































































