سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
هەرێمی كوردستان، ساڵانێكە جێگەی پێگەیاندنی چەندین یاریزانی بەتوانا بووە لە ئاستی كچان كە یانەكانی كوردستان سوودیان لە تواناكانی رۆڵەكانی وەرگرتووە. یەكێك لە یاریزانە بەتواناكان هەتاو محەموود ـە، رۆڵێكی كارای بینیوە لە ئەنجام دەسكەوتەكانی ئەو یانانەی یاریی بۆ كردوون.
لەوەنەوزی 7 ـەمین بەهارییەوە ئەو خانمە لەخۆیدا هەستی بە هێندێ توانای شاراوە كرد لەوێوە پەرەی پێدا تا وایلێهات ببێتە ناوێكی دیار لەنێو رەوشی وەرزشی كوردستان.
هەتاوی 24 ساڵان، وێڕای بینینی سەختی زۆر و هەڵدێران بەنشێوەكاندا، ئەمما هێز و ئیرادەی تائەم ساتەی هێناوە بەئاراستەی پێشكەوتن و درەوشانەوە.
هەتاو، لەدیدێكی زاری كرمانجیدا سەبارەت بە ژیانی وەرزشی خۆی دێتە ئاخاوتن و دەڵێت:” تەنها حەزم بە یاریی تۆپی پێ بووە هیچ جۆرە وەرزشێكی ترم نەكردوە، خاوەنی هیچ بڕوانامەیەكی بەرزكردنەوەی ئاستی لێهاتوویی نیم، چوون بوار نەبوە پشككدار بم، بەڵام لەداهاتوودا هەوڵەدەم گرنگی بەولایەنەش بدەم.”
زیاتر دەڵێت:” لەمناڵیەوە خولیام یاریی كردن بوە بۆیە سەرەتاش لەیانەی هەڵەبجەوە دەستتم پێكرد لەوێوە بەشداری خول و پاڵەوانێتی ـم كردوە، وە بۆ 8 ساڵ دەچێت من لە تیپ و یانەدا یاریی دەكەم ڕێنوێنی چەندین یاریزانم كردوەو هەتا توانیومە هەوڵم داوە و لەگەڵیان بوم و یارمەتیم داون.”
درێژەی پێدەدات:” لەسنوری ئێمە هیچ تیپێكی كچانی لێ نیە تاوەكو بتوانم ئەزمونی كاركردنم هەبێت لەگەڵیان، زۆر گرێبەستم بۆ هاتوە بەپێی دۆخی خۆم توانیومە بەشداری بكەم. خەونی من تەنها یاریكردنە گرنگ نیە بۆم چ تیپێك بێت تەنها ئەوە بێت من بتوانم حەزو ئارەزوی خۆم بهێنمەدی ڕاستە هەموكەس حەز دەكات لە شوێنێك یاری بكات تاوەكو دەركەوێت بەتایبەت هەڵبژاردەی كوردستان چەندین جاریش پێیان گوتوم، بەڵام بۆم نەگونجاوە بەشداری بكەم ئەمەش ئەوە ناگەێینێت كەمن سارد بمەوە لەحەزوو ئارەزوی خۆم بەڵكو هەتا توانیومە بەردەوام بوم تاوەكو ڕۆژێ بتووانم لەو شوێنەی دەمەوێت یاریی بكەم.”
ئەم خانمە یاریزانەی فوتساڵ باسی گرنگی وەرزش دەكات:” وەرزش لەلای من سەرچاوەی حەزە وەرزش مەرج نیە پەیوەست بێت بە پارەوە، چونكە حەزو ئارەزوم ئەوەیە یاریی بكەم قەت وەرزش لەڕووی مادیەوە بۆمن گرنگ نەبوە ئەوەش نابێتە هۆكار تا واز لەخەونەكانم بێنم. هەروەها زۆر سوپاسی خێزانەكەم دەكەم بەتایبەت دایكی خۆشەویستم، كە هەمیشە هاوكارم بوە تاوەكو بتوانم بگەم بەوەی ئەمەوێت. زۆر كەس هاندەرم بوە تاوەكو پەرە بە وەرزشەكەم بدەم بەتایبەت خێزانەكەم وە هاوڕێكانم.”
باسی رەوشی وەرزش لەهەرێمی كوردستان دەكات:” بەڕاستی ئاستی وەرزش لە كوردستان زۆر خراپ بوە هیچ كاتێك بەپێی پێویست خزمەتیان بە وەرزش نەكردوە بەتایبەت بۆ فوتساڵ. پلانم هەبوو پێشتر توانیشم ئەنجامی بدەم بتوانم خزمەتێك بكەم بە وەرزش و سنورەكەم، بەڵام لەبەر هەندێ هۆكار نەمان توانی بەردەوام بین.”
هەتاو مەحموود، لەپەراوێزی ئاخاوتنەكانیدا نیشانی ئەوەشی كرد:” ساڵانی ڕابردوو یاریزان زۆرتر بوو هەتاوەكو ئێستا ئێستا زۆر كەمی كردوە بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو دەیان یاریزانی باش وازیان هێناوە لەبەر هێندێ هۆكار، یەكێ لەوانە رەوشی نالەباری بوارەكەیە لەكوردستان واتلێدەكات حەزت بۆی نەمێنێت، خزمەت بە وەرزش ناكەن و گرنگی پێ نادەن. وەرزشی خانمان لە كوردستان نەگرنگی پێ ئەدرێت نە هەوڵی لەگەڵ ئەدرێت، وابڕوات هەر نامێنێت.”
“نەك ھەر خەونی من، بەڵكو خەونی ھەموو یاریزانێك ئەوەیە كە باشترین یاریزان بێت لەم یارییەی كە ھەڵیبژاردوە و سەركەوتن بەدەست بھێنێت.”
دوا پەیامی خۆی ئاماژە پێدەدات:” چەندین یاریزانی باش و بەتوانا هەن بتوانن دەركەون، داوادەكەم لایەنی پەیوەست وا لە وەرزش بكەن خۆشەویستربێت نەك لەبەرچاو بخرێت ئەوەندە گرنگی بە وەرزشی كوڕان ئەدرێت نیو ئەوەندە بە وەرزشی كچان نادرێ، هیوادارم ئاوڕێك لە وەرزشی خانمان بدرێتەوە خول بكرێتەوە تاوەكو بتوانین توانای خۆمان دەرخەین.
ئاواتی من بەرەوپێشچوونی ئەم یارییەیە لە كوردستان و بەدەستھێنانی ئەنجامێكی باش لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە.”