مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سندووقی شیاندن بۆ خزمەتكردنی خاوەنپێداویستییانی تایبەت، كە وا بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا دابنرێت و ئامانج لێی كۆكردنەوەی داهات و خەرجكردنەوەیەتی بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ كەسانی كەمئەندام وخاوەنپێداویستیی تایبەت و كورتەباڵایان تا بگەنە ئاستی بەرەوپێشچوون و شیاندنەوەی كۆمەڵایەتی.
لەمبارەیەوە كوێستان محەممەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند “سندووقی شیاندن و چاودێریی كەمئەندامان لە یاسای ساڵی 2011 هاتووە و جێبەجێ نەكراوە، لەم كابینەیەدا پەیڕەوەكەی ئامادە كراوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران و بە واژووی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەسند كراوە؛ پاش ئەوەی ڕێنمایی بۆ دەردەچێت، لە شارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان چەند هەژمارێكی بانكی دەكرێتەوە، تاكوو هەركەسێك لە خێرخوازان و خاوەنكۆمپانیا و دەوڵەمەندەكان، كە دەیانەوێت هاوكاریی كەمئەندامان و كورتەباڵاكان بكەن، بتوانن پارە بخەنە ناو ئەو سندووقە و دواتریش بەپێی پەیڕەو و بە چاودێری، بۆ خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكانی ئەو توێژە خەرج بكرێتەوە.”
كوێستان محەممەد ئاشكراشی دەكات ئەنجوومەنێك ئیدارەی سندوقەكان دەكات و دەڵێ “ئەوەی ئیدارەی سندووقەكە دەكات ئەنجوومەنی شیاندنە، جگە لە سەرپەرشتیی بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، نوێنەری خاوەنپێداویستیی تایبەت و كورتەباڵایان و چەندین وەزارەتی تێدایە، دواجاریش سندووقەكە دەكەوێتە ژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی داراییەوە؛ لە ئەگەری خەرجكردنی داهاتەكە بۆ مەبەستێكی جیاواز لە ئامانجی سندووقەكە، تووشی لێپرسینەوە دەبن.”































































