مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی پێشبینی شارەزایەكی كەشناسی، شەپۆلێكی باران و بەفر بارین بە دوو قۆناخ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و كەشێكی زستانی دروست دەكات.
محەممەد كەمال، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند” ئەمڕۆ یەكشەممە قۆناخی یەكەمی ئەو شەپۆلە دەستپێدەكات و كاریگەری لەسەر ئیدارەی سۆران و بەشێكی پارێزگای هەولێر و سنووری پارێزگای دهۆك دەبێت و درەنگانی ئەمشەو كۆتای بەم قۆناخە دێت.”
قۆناخی دووەم هەروەكوو محەممەد كەمال باسی دەكات بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2023 دەستپێدەكات و لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان باران دەبارێت و دەشڵێت “پێشبینیم وایە زۆرترین بڕی بارانبارین لە سنوری بارزان و سۆران و هەڵەبجە و ناوچە شاخاوییەكانی دهۆك ببارێت، كە هەندێ كات ئەگەری لێزمە باران هەیە و ئەگەری لافاو لە دۆڵەكانیش هەیە”.
ئەم شارەزایەی كەشناسی هێما بۆ ئەوەش دەكات كە لەگەڵ هاتنی ئەم بارانبارینە، بارستە هەوایەكی ساردیش تێكەڵ بەم شەپۆلە دەبێت و لە باكووری كوردستان بەفرێكی زۆر دەبارێت و پێشبینی دەكەم بەفر لەدەڤەری باڵەكایەتی و هەلگورد و كۆرەك و سەفینیش ببارێت لەگەڵ زۆزك و هەندرێنیش، ههروهها پلەكانی گەرما بەرێژەی٤ پلە نزم بێتەوە و كەشێكی سارد و زستانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە .