ئاشنا ئەحمەد عایز-چۆمان
بەگۆتەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی سنوورەكە ماوەی شەش ساڵە، بە بڕیاری حكوومەتی ئێران، رێڕەوی كۆڵبەران لە سنووری حاجی ئۆمەران داخراوەو تا ئێستاش نەكراوەتەوە، ئەوەش هەزاران كۆڵبەری بێكار كردووە.
لای خۆیەوە عەبدلوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران لە سنووری قەزای چۆمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” لە سەرەتاكانی ساڵی 2018 لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران، لە دیووی وڵاتەكەی رێڕەوی كۆڵبەران داخراووە، لە سنوورەكانی نێوان حاجی ئۆمەران و پیرانشار، بەمەش رێگە بە هیچ كۆڵبەرێك نادرێت كەل و پەل بە كۆڵپشت بە سنوورەكە ئاودیوو بكات”.
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، گووتیشی: ” داخستنی رێگای كۆڵبەری لە سنوورەكە چەندان كاسبكاری بێكار كردووە، كە پێشتر لە سنوورەكە ژیان و بژێویان لەسەر كاری كۆڵبەری بووە”.
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی دوای راپەڕینی باشووری كوردستان، زیاتر لە چوار هەزار كاسبكار، لە دەروازەی حاجی ئۆمەران روویان لە كاری كۆڵبەری كردووە، زۆربەشیان لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێران كارتی مۆڵەت پێدانیان هەبووەو بەشێوەی یاسایی بووە”.
سەرەڕایی سەختی ناوچەكە لە بەفری زستان و ئاژەڵی دڕندەو تەقەی پاسداران و ناوچەی مینڕێژكراو، كەچی لەپێناو دەستەبەر كردنی بژێووی ژیانیان لەسەر كاری كۆڵبەری بەردەوام بوونە، تا ئەو كاتەی ئێران دەروازەكەی لەسەر داخستوون، لە ئێستاشدا لە چاوەڕوانی كردنەوەی دەروازەكەدان.