زاری كرمانجی -سۆران:
سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەین.
سکرتێری یەکێتیی ئافرهتانی کوردستان، دکتۆرە ڤیان سلێمان، گوتی: “ماوەی سێ ساڵە نەخشەڕێگایەکی تایبەت بە خۆمان هەیە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی توندوتیژی و کارکردنیشمان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لەسەر هزرە، کە ئەوە هۆکارێکە دەبێتە هۆی توندوتیژی و هەمووی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە پەیامی ئێمە لەو روانگەیەوە بۆ هەردوو رەگەزەی ئافرەت و پیاوە و دروشمی ئێمەش ئەوەیە بوەستە و بیرکردنەوەکانت بگۆڕە و ئافرەت ناکرێت تەنها تەماشا بکرێت وەکو جەستە، بەڵکو ژیانە و دەبێ لەو رێگەیەوە کار بکەین ئافرەت خاوەن بڕیارە و ماف و بەرهەمی هەیە”.
د. ڤیان دەشڵێ: “پێویستە هەمووان لەوە تێبگەن کە ئافرەت شەریکی ژیانە و ناکرێت وەکو کاڵا سەیری ئافرەت بکرێت، لایەنی دووەمیش پیاوە کە ئەویش بە چاوێکی کەم سەیری ئافرەت نەکات و چۆن خۆی بە خاوەن بڕیار و بەرهەم دەزانێت، ئافرەتیش بە هەمان شێوە، بۆیە پێویستە هەردووکیان خاوەن بڕیار و بەرهەم بن و تەواوکەری یەکتری بن و شەریک بن”.
گوتیشی: “پێویستە پیاو، ئافرەت بە هاوبەشی ژیانی خۆی بزانێت نەک بە موڵکی خۆی و هەموو هزرە چەوتەکان لە مێشکی خۆی لاببات، بۆیە پێویستە کەڵک لە شتە باشەکانی كۆمەڵگە وەرگرین و خراپەکانیش بدەینە لا و کار بکەین ئافرەت و پیاو لە هەموو دەسەڵاتەکان یەکسان بن و تەنها توانا و کارامەیی لێکیان جیا بکاتەوە نەک رەگەز”.
ئاماژەشی دا: “ئەمساڵیش بە هەمان شێوە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ئێمەش کار دەکەین، هەر چەندە ئێمە بەرەو کۆنگرە دەچین و نزیک بووینەتەوە، بەڵام هەر بەردەوام دەبین لە کاری خۆمان و گرنگی بەو یادە دەدەین”.
د. ڤیان ڕوونیشی دەکاتەوە: “وەکو چۆن لە هەرێمی کوردستان گرنگی بە پێکەوەژیان دەدرێت، گرنگی بە خێزانیش دەدرێت بۆ ئەوەی خێزان بە بێ توندوتیژی بێت و بە ئارامی بژین، حکوومەتی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیش بایەخی زۆر بە خێزان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دەدات و ئێمەش کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆرمان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەبێت”.