زاری كرمانجی-سۆران:
شاندێكی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، بەمەبەستی بە بازاڕ كردنی كەرتی گەشتیاری دەڤەری سۆران، هاوشان لەگەڵ تیمی دەستەی گەشتوگوزار و چەند كۆمپانیاییەكی گەشتیاری، بەشداریان لە پیشانگای نێودەوڵەتی شاری وان كرد.
بارزان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، بە زاری كرمانجی گووت ” بەیاوەری چیا محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز و سەفەر سوار بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری مێرگەسۆر، بەشداریمان كردووە لە پێشانگای گەشتیاری نێودەوڵەتی شاری (وان) ی باكووری كوردستان، لە ستاندی گەشتوگوزاری سۆران، چەندین رێبەر و بڕۆشۆر و نەخشە و ئەڵبومی شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری ئیدارەی سۆران نیشانی میوانان و كۆمپانیا گەشتیارییەكانی بەشدار لەو پێشانگاییەدا و ماوەی دوو رۆژ بەردەوامی دەبێت”.
ئاشكراشی كرد: ” لە پیشانگاكەدا چەندین گرێبەست لە نێوان كۆمپانیاو دامەزراوە فەرمییەكان دێتە ئاراوە، بە مەبەستی هێنان و بردنی گروپی گەشتیاری، بریار وایە لە ئایندەیەكی نزیك شاندێكی كۆمپانیا گەشتیارییەكان و خاوەن كارەكانی بواری گەشتیاری شاری وان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی میدیایی سەردانی ئیدارەی سۆران بكەن، بۆ هەماهەنگی و ئاشنا كردنیان بە سروشتی جوانی دەڤەرەكە”.