مستەفا دۆلەمەری – سۆران:
زانکۆی سۆران وەکو تاکە زانکۆی حکومیی هەڕێم بەشداریی لە کۆنفرانسی ( Going Global 2023 ) دەکات کە باڵاترین کۆنفرانسی زانستییە بۆ پرسی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان، د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا سەرپەرشتی دەکات و هەریەک لە د. ئامانج عەبدوڵا سەعید، ڕاوێژکاری وەزیر و د. شێروان شەریف، سەرۆکی زانکۆی سۆران هاوڕێیەتیی دەکەن.”
کۆنفرانسەکە ساڵانە لە وڵاتانی جیا جیای دونیا بە سەرپەرشتی دامەزراوەی (British Council) ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەمساڵیش لە ئەدنبرەی پایتەختی سکۆتلەند دەستی بەکارەکانی کردوە، بابەتە سەرەکییەکانی کۆنفرانس بریتین لە گفتوگۆکردن دەربارەی گرفت و ئاڵنگاریەکانی بەردەم خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەت پرسی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام، یەکسانی دەرفەت و ئاڵنگاری و کاریگەرییەکانی گەشەکردنی تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد لەسەر پرۆسەی خوێندنی باڵا، هەروەها گفتوگۆکردن دەربارەی ئاراستەی خوێندنی ئەکادیمی و گۆڕینی بە ئاراستەی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی و دروستکردنی کارامەییەکان بۆ بازاڕی کارو چۆنیەتی هەماهەنگی و کارلێکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی، هەروەها پرسی خوێندن بە درێژایی ژیان و هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی خوێندنی باڵا و خزمەتکردنی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام.