” ئەوانەی پۆستیان دراوەتێ پسپۆری بوارەكە نین”
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار گەیشتوونەتە زاری كرمانجی، كار دەكرێ لەسەر گۆڕینی ژمارەیەك لەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی كە سەرپەرشتی هەر شەش قەزای سنووری ئیدارەی سۆران دەكەن.
سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەكرد، “هۆكاری گۆڕینی ژمارەیەك لەو بەڕێوەبەرە گشتیییانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هەندێكیان لە پۆستی وا دانراون كە هیچ شارەزایی و تایبەتمەندیان لە كارەكە نییە، یا پسپۆرییەتی ئەو كەسە لە خوێندن و زانكۆ هیچ پەیوەندی بەو بوارەوە نییە. بۆیە دەبینین رۆژانە هاووڵاتییان گلەیی دەكەن، كە پەیوەندی بە ناشارەزایی ئەو بەڕێوەبەرانە هەیە، كە پۆستیان دراوەتێ”.
ئەو سەرچاوانە زیاتر روونیان كردەوە، “سۆران دوای ئەوەی بۆتە ئیدارەی سەربەخۆ پێویستی بە كەسی ئەكادیمی و كارا و مەیدانییە، بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان، بۆیە ئەگەر لە رابردوو لەسەر هەر بنەماو هۆكاری دیكە پۆست درابێت بە كەسانێك، چیتر ناكرێت ئەم جۆرە ئیدارە دانە بەردەوام بێت و دەبێ كەسی شیاو، پسپۆر، مەیدانی و دڵسۆز ئەركی بەرێوەبردنیان بخرێتە ئەستۆ”.