مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە هەرێمی كوردستان 30 كەناڵی ئاسمانی و 127 كەناڵی ناوخۆیی و 176 ڕادیۆ و 121 ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی و 988 ڕۆژنامە و گۆڤار مۆڵەتی كاركردنیان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان وەرگرتووە، لە ئێستادا بەهۆی گەشەی بەردەوام و زێدە بوونی ڕاگەیاندنی نوێی میدیایی ئەلیكترۆنی، حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی تر هەوڵی ڕێكخستنەوەی كاری میدیایی دەدات.
شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە، لە لەبارەی ئازادیی ڕۆژنامەوانییەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: “لە هەرێمی كوردستان، یاسای ژمارە (35)ی كاری ڕۆژنامەوانی وەكوو یاسایەكی بێوێنە لە پێدانی ئازادیی ڕۆژنامەوانی هەیە و كاری پێ دەكرێت. ڕێنماییەكیش بۆ میدیای بینراو و بیستراو هەیە، كە ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2023یە و لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە دەرچووە. لەگەڵ هاتنەكایەی میدیای ئەلیكترۆنی، ئەو بوارەش لەو یاسا و ڕێنماییانەدا ڕێك خراوەتەوە. تا هەم ئازادیی پارێزراو بێت و هەم مافی میدیایی پارێزراو بێت. ئەوەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی. پاش دەركردنی چەند بڕیارێكی حكومەت ئەم ڕێنماییە جێبەجێ دەكرێت. حكومەت تەنیا لە ڕێگەی یاساوە مامەڵە لەگەڵ ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەكات و داوای پابەندبوون دەكات، نەك پێشێلكردنی مافی ئازادیی ڕۆژنامەگەری.”
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە باس لەوە دەكات كە لە داهاتوودا كار لەسەر تۆماركردنی میدیای ئەلیكترۆنی دەكەن و دەڵێ “میدیای ئەلیكترۆنی پێویستە خۆیان تۆمار بكەن، چونكە لەگەڵ میدیا تێكەڵ بووە. زۆر جار لە كێشەی یاساییدا پێویستە ئەو لایەنە ناسراو بێت و زانیاری لەسەری هەبێت. تاكوو بۆ دادگاكان ئەو زانیارییانە دابین بكرێت، بەڵام ئەگەر تۆمار نەكرابن، دادگا وەكوو دەزگای نایاسایی سەیریان دەكات. بۆیە ئەو میدیایانە ئەگەر خۆیان تۆمار بكەن، دەتوانن كاری ڕۆژنامەوانیی خۆیان بكەن و ئازادانەتریش كار بكەن. بۆیە ڕێنماییەكان بۆ ڕێكخستنەوەی كاری میدیایین نەك سانسۆركردنیان؛ بەڵام دەبێت هەموو میدیایەك ناسراو بێت و تۆمار بێت.”
ئامانجی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێكخستنەوەی كاری میدیایی بۆ فراوانتركردنی كاری ڕاگەیاندن و پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسانە. كە تا ئێستا زیاتر لە ٨ هەزار ڕۆژنامەنووسی كارا لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسان تۆمار كراون.

































































