زاری كرمانجی – سۆران :
دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، منداڵێكی بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست لە سێدارەدا .
حەمید ڕەزا ئازەری تەمەن 17 ساڵی خەڵكی سەبزەواری پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەست دوێنێ هەینی 24ـى تشرینی دووەمی 2023، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەبزەوار سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ كرا.
بەپێی ڕاپۆرتێك كە لەلایەن ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاو بووەتەوە، حەمید ڕەزا ئازەری، لە كاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە تەمەنی 16 ساڵ و 8 مانگ و 18 ڕۆژ بووە، لە كاتی جێبەجێكرانی سزاكەی، تەنیا 17 ساڵ و سێ مانگ و 14 ڕۆژی تەمەن بووە.
لە بارەی لەسێدارەدانی ئەو منداڵە 17 ساڵە، میدیای تەسنیم سەر بە سوپای پاسداران، بە بێ ئاماژەدان بە تەمەن و ناسنامەی منداڵەكە، بڵاویكردەوە “بەندكراوێك لە ڕێكەوتی 21ـى ئایاری 2023، دوای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حەمید ڕەزا ئەلداغی لەسەر كێشەیەكی نامووسی ناوبراوی بە چەند زەربەی چەقۆ كوشتووە.”
لە جاڕنامەی مافەكانی منداڵانی نەتەوە یەكگرتووەكان و و ستانداردە نێونەتەوەییەكان، لەسێدارەدانی منداڵان ڕەتكراوەتەوە و لە جاڕنامەی مافەكانی منداڵان هاتووە “هەر منداڵێك مافی دەستڕاگەیشتن بە پاڵپشتیی یاسایی و ڕەوتی دادپەروەرانەی دادوەریی هەیە و ئەنجامدانی سزای سەخت وەكوو لە سێدارە دانیان، ئەو بنەمایە پێشێل دەكات.”