مههدى محهممهد – زاری كرمانجی :
دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، چەندین جار چاودێرانی سیاسی و ئابووری هۆشدارییان بە عێراق داوە كە لە داهاتوودا دەكرێت ئەو جەنگە ئابووری و ئارامی عێراق بخاتە ژێر مەترسییەوە.
ئاژانسێكی ئەمەریكی تایبەت بە شیكاریی و لێكۆڵینەوە ئابوورییەكان، مەترسی و كاریگەری ئەو جەنگە ئاشكرا دەكات و هۆشداری بە عێراق دەدات لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەكان و دەستوەردانی ئێران و ئەمەریكا، ڕاستەوخۆ كاریگەریی ڕیشەیی لەسەر عێراق دروست دەكات.
ئاژانسی مودیزی ئەمەریكی لە دوا لێكۆڵینەوەی خۆیان لەسەر كاریگەری جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بەسەر عێراقەوە، ڕاگەیاند “لە ئێستادا جەنگەكە زۆرینەی لە غەززەدا چڕ بووەتەوە، بەڵام پەلكێشانی بۆ ناوچەكانی دیكە كاریگەریی ئابووری لەسەر عێراق دروست دەكات.”
دەشڵێت “دەكرێت ئەم شەڕە ببێتە هۆی وەستانی كاركردن لە گەروی هورمز و عێراقیش زۆرینەی هەناردە نەوتییەكانی لەو ڕێگایەوەیە و كاریگەریی لەسەری دروست دەكات.”
ئەم ئاژانسە عێراقی بە CAA1 پلەبەند كردووە و ئاشكراشی دەكات كە ئەم ڕێژەیەی دیاریكراوە ئەنجامی پشتبەستنی دارایی و دەرەكی عێراقە بە هایدرۆكاربۆنەكان و بۆیە ئەگەرێكی كراوەیە كە ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی بەرز و نزمیی بەرچاوی نرخی نەوتی بكاتەوە و مەترسیش لەسەر گواستنەوەی كاربۆن دروست بكات.