زاری كرمانجی- سۆران:
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار و600 قوتابخانەی تازە دروستكراون و نۆژەنكراونەتەوە و پرۆسەكەش بەردەوامە، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت ، ئامانجی ئێمە ئەوەیە لە هەموو قوتابخانەكان تەنها یەك دەوام بكرێت.
دكتۆر سەیوان فەرەج، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گوتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەم گرنگیەكی تایبەتی بە كەرتی پەروەردە و دروستكردنی قوتابخانەی تازە داوە وئێمەش سەرژمێریەكمان كردووە لە هەرێمی كوردستان چەند قوتابخانەمان پێویستە وچەندی نوژەنبكرێتەوە و چەندی ژووری تازەی بۆ دروست بكرێت و بەخۆشحاڵیەوە هەنگاوی باش نراوە و بەردەوامیش لەگەڵ حكومەت لەسەر خەتین بۆ چارەسەر كردنی كێشەی كەمی بینا لە هەرێمی كوردستان بۆ قوتابخانەكان.
دكتۆر سەیوان فەرەج گوتیشی، نەك تەنیا لەگەڵ حكومەت بگرە لەگەڵ كەرتی تایبەت و سەرمایەدارانیش لەسەر خەتین، ئامانجی ئێمە ئەوەیە دەوامی قوتابخانەكان لە هەرێمی كوردستان بكرێتە یەك دەوامی، بۆ ئەوەی بتواندرێت چاڵاكی زیاتر ئەنجامبدرێت، بۆیە بەردەوام كاری لەسەر دەكەین و هەوڵدەدەین كێشەی كەمی بینا چارەسەر بێت و دەوامی قوتابخانەكان بكرێنە یەك دەوامی و هەنگاوی باشیش نراوە و بەردەوام قوتابخانەی تازە لە هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە.
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان 109 قوتابخانە دروست كراون و كارەكانی تەواو بوونە و كەوتۆتە خزمەت قوتابیان و چەندین قوتابخانەی دیكەش لە بواری جێ بەجێكردن دان و لەم كابینەیە هەزار و 511 قوتابخانە نوژەنكراونەتەوە و461 ژووری نوێ دروستكراون و رەزامەندی 348 ژووری تازە هەیە ، بۆ ئەوەی دەست بەدروستكردنی بكرێت.






























































