مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە شاری ڕۆزاریۆی ئەرجەنتین، چەند چەكدارێك هێرش دەكەنە سەر ئۆتۆمبێلی هاوسەری لیۆنێل مێسی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2023، ئەنتۆنێلا ڕۆكۆزۆی هاوسەری لیۆنێل مێسی، لە شاری ڕۆزاریۆی ئەرجەنتین دووچاری هێرشێكی چەكداری بووە.
هێرشە چەكدارییەكە لە كاتێك بووە كە ئەنتۆنێلا و ئامۆزایەكی دوای هاتنە دەرەوەیان لە ماركێتێك و لە ڕێگادابوونە بەرەو بانكێكی شارەكە بۆ ئەوەی پارەی تێدا دابنێن.
پۆلیسی شارەكە بە میدیاكانی ڕاگەیاند “ئەوەی ڕوویدا بەڕێكەوت نەبووە، بەڵكوو دزەكان دەیانزانی بەدوای چیدا دەگەڕێن، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش لێكۆڵینەوە لەگەڵ خێزانەكە و كارمەندانی تری ماركێتەكە كراوە، هەروەها لێپرسینەوەش دەكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت كێ ئاگاداری گواستنەوەی بڕە پارەكە بووە.”
پۆلیس ئەوەش دەڵێ ” ئەنتۆنێلا هەستی بەوە كردووە ئەو كەسانە بە دوای ئەون، بۆیە داوای لە ئامۆزاكەی كردووە خێراتر ئۆتۆمبێلەكە لێ بخوڕێت، كەچی چەكدارەكان تەقەیان لێكردووە و ناچاریان كردوون بوەستێت.”
هەر وەكوو پۆلیس باسی دەكات چەكدارەكان بڕی ٨ ملیۆن بیزوی ئەرجەنتینی كە دەكاتە نزیكەی 22 هەزار دۆلاری ئەمەریكی لە هاوسەری مێسی بردووە و لە ئێستادا پۆلیس لە لێكۆڵینەوە دایە بۆ ئاشكرا كردن و دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە.