زاری كرمانجی – سۆران :
پەرلەمانی ئەورووپا، بە هۆی پێشێلكارییەكانی دژ بە ژنان و كوشتن و زیندانیكردنەوە، ڕەخنە لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێت و داوا لە كاربەدەستانی ئەو وڵاتە دەكات هەرچی زووە كوشتنی دڕندانەی ژنان ڕابگرێت و زیندانیان و بەرگریكارانی مافی مرۆڤ ئازاد بكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2023، پەرلەمانی ئەورووپا، لە بڕیارنامەیەكدا ڕەخنەی توندی لە “تێكچوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و كوشتنی دڕندانەی ژنان لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەگرێت، لە نێویاندا ژینا ئەمینی كچە كوردی، براوەی خەڵاتی ساخارۆڤی ساڵی 2023، كە ساڵی ڕابردوو لەكاتی دەستبەسەری پۆلیسدا گیانی لەدەستدا.”
هاوكات ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا، داوای ئازادكردنی دەستبەجێی بەرگریكارانی مافی مرۆڤ كرد كە لە نێویاندا نەرگس محەممەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هەیە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە بە دەنگی بەڵی 516 پەرلەمانتار و چوار دەنگی نەرێ و27 دەنگی بێلایەن، بڕیارنامەیەك پەسەند كرا و یاسادانەرانی ئەورووپاش جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێویستە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە لایەن دەوڵەتانی یەكێتیی ئەورووپاوە وەك “ڕێكخراوی تیرۆریستی” دەستنیشان بكرێت و سزاكان لەدژی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتە و بەرپرسانی باڵای دیكە بە تاوانی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ دابنرێت.
هەروەها پەرلەمانتاران داوایان لە تاران كردووە “دەستبەجێ كۆتایی بە هەموو هەوڵدانێك لە دژی ژنان و كچان بهێنێت، لە وانەش حیجابی زۆرەملێ و هەموو یاساكانی جیاكاری جێندەری.”