زاری كرمانجی – سۆران:
هاندەرانی یانەی وەرزشی سۆران لە خۆشەویستی و وەفاداریان، چەند پێشنیازێك دەخەنە ڕوو بە مەبەستی باشتر بوون و بەرەوپێشچوونی یانەكەیان.
كرێكار قادر ڕوستایی، هاندەری یانەی وەرزشی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: یانەكەمان لەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان، ئاستێكی مام ناوەندی پێشكەش كردووە، با ئەوەش بڵێم تا ئێستا سەرەتایە و تا ڕادێن لە كەش و هەوای خولەكە كاتی پێویستە، دەكرێت یانەی دایك ئاستی خراپ، مام ناوەند، باش بێ وە یان زۆر باشتریش بێ، بەڵام واباشە هۆكارەكانی ئاستی خراپی یانەی سۆران دیاری بكرێن و كاری لەسەر بكرێت و چارەسەر بكرێن، من چەند هۆكارێك دەنووسم بەهیوام یانەكەمان كاری لەسەر بكات:
-ڕاهێنەر و ستافەكەی تەكنیكی هونەریان وەك پێویست نییە بۆ گۆڕانكاری كردن لە گێمی دووەم، كە بەگێمی ڕاهێنەران ناسراوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم بە توانای ستافی ڕاهێنەران هەیە دەكرێت زیاتر خۆیان ماندووتر بكەن لە گەڵ یاریزانەكانیان بۆ یارییەكانی داهاتوو.
-گۆڵپارێز زۆربەی كات لە شوێنی دیاری كراوی خۆی ناوەستێ زۆر زیاد لەسنووری خۆی دێتە دەرەوە و بەمەش هێرشبەری یانەی بەرامبەر دەتوانێ ئامانجی لە دوور یان لە نزیك بپێكێ، جگە لەمەش جووڵەكانی گۆڵپارێز خێرا نین.
-ئەو یاریزانانەی لەدەرەوەی شار گرێبەستی لەگەڵ كردوون تا ئێستا ئاستێكی باشیان پێشكەش نەكردووە، بگرە هەندێ لە یاریزانە ناوخۆییەكان زۆر باشتر و چاكترن لەو یاریزانانەی لە دەرەوەی شار گرێبەستی لەگەڵ كردوون، بۆیە واباشە یانەی دایك یاریزانی ناوەخۆی زۆر باشی هەیە دەتوانێ سوود لە وزە و توانا و تەكنیكی یاریزانی ناوەخۆی وەربگرێت و بیانهێنێتە ڕیزی یانە.
- هێلی بەرگری بەهێزتر بكرێت، بەتایبەت تاكی ڕاست و چەپی، بەنموونە دوو یاریزانی تر لە كوالێتی سەیف و هاوگار دا بن.
- سەرەڕمی یانەكەمان ئاستی زۆر خراپە، ئەوەی دیارە و جمووجۆڵ و تەكنیكی باشی هەبێت ڕێزدار وەلیە كە گۆڵ تۆمار دەكات.
- سەرۆك و دەستەی كارگێری یانەی سۆران نابێت كەمتەرخەم بن لە هەڵە و كەم كوڕی و غەدری ناوبژیوانەكان، دەبێت بەدواداچوون بكەن و سكاڵایان لەسەر تۆماربكەن لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی كوردستان، زۆر جار ناوبژیوانەكان سزای یانەی سۆران دەدەن، ناكرێت بێدەنگ بن و هیچ هەڵوێستتان نەبێت.
- كەمتەر خەمی بەرپرسانی حیزبی و حكوومی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پێویستە زیاتر هاوكاری یانەكەمان بكەن، تا بتوانێ ئەنجامی باشتر بەدەست بێنێت.
چەندین هۆكاری تریش هەن، بەڵام ئەوانەی باسم كردن سەرەكیترین بوون، بۆیە پێویستە یانەكەمان چاكسازی بكات و هەڵبستێتەوە، دڵنیام یانەكەمان دەتوانێت دڵی هەوادار و جەماوەری لە یاریەكانی داهاتوو خۆش بكات و بگەڕێنەوە سەر ڕێچكەی سەركەوتن و ئاستی باشتر و چاكتر و ئەنجامی باشتر بەدەست بێنن.
دەكرێت ئێوەش سەرنج و بۆچوونەكانتان بنوسن.