ئیسماعیل ئیبراهیم
هەرگیز عەرەب پیرۆزبایی لە كورد ناكات ئەگەر سەركەوتنی ئەوانی بەدواوە نەبێ ، بەتایبەتی ئەگەر دەستی ناحەزان و خیانەتكارانی كورت بین لە پشت ئەو سەركەوتنەی عەرەبەوە نەبێت لە ئاست نەتەوەی كورد.
دوای ئەوەی سودانی رەزامەندی نیشاندا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ بنێرێت و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لێ پەراوێز بخات، راستەوخۆ یوسف كەلابی پەرلەمانتاری سەر بە ئێران و دژە كورد پیرۆزبایی لە كوردستانیان كرد، ئەم پیرۆزباییە بۆ نەتەوەی كورد نییە، بەڵكو رەهەندەكەی سەركەوتنی شیعەكان و ئەجندای ئیرانە بەسەر كوردستان.
ئیتر هەر كەسێك دڵی بەم بابەتە خۆش بێت دەبێ گومانی لە هزر و بیركردنەوەكانی بێت، هەر چەندە ئەم بڕیارەی سودانی هەرگیز ناچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بەڵام هەنگاوێكی دیكەی ناحەزانی نەتەوەی كوردە لە بەغدا بۆ لاواز كردنی دەستەڵاتی سیاسی و شەرعی هەرێمی كوردستان كە هەزاران رۆڵەی لە پێناو داناوە.
ئەگەر مووچە تەنها هۆكاری شۆڕشەكانی نەتەوەی كورد بووبێت، بڕواناكەم هیچ دەستەڵاتێكی سیاسی لە بەغدا مووچە و ئیمتیازی زیاتریشی بۆ كورد نەناردبێت بەو مەرجە دەست لە هەموو شكۆ و كەرامەت و خاكی خۆی هەڵبگرێت.
ئەم نووسینە ئەگەر بۆ هەندێك كەس جێگەی گاڵپێكردن بێت، بەڵام ئەنجامەكەی زۆر شوومە و كورد دووبارە لە ژێر پەردەی دابینكردنی مووچە و خۆشگوزەرانی بەرەو ئەنفاڵێكی دیكە و جینۆسائیدێكی دیكە دەبردرێت.
دوای ماوەیەكی دیكە كە بابەتی حەڵبووسی و سوونەكان كۆتایی هات و دامڕكایەوە لە رێگەی دادگای ناشەرعی باڵای فیداری عێراق بڕیاری سەیر لەم بابەتە دەدرێت و كورد بێ ئەوەی هەستی پێ بكات بە لۆكە سەری دەبڕنەوە و بە مووچەیەكی كەمی مانگانە كە مافی خۆیەتی دەیبەنەوە قۆناغەكانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلول.
بۆیە دڵخۆشبوون بەم پرۆزباییەی یوسف كەلابی و هاوئاوازەكانی، دڵخۆشبوونە بە دووبارە بوونەوەی تەواوی كارەساتە دڵتەزێنەكانی نەتەوەی كرود.
لە هەموو ئەو بابەتانەی كە پەیوەندار بوونە بە دژایەتی كردنی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بە پێی رێنماییەكانی ئیران كەلابی دەوری باڵای بینیوەو بە زردەخەنەوە مەرامە سیاسییەكانی خۆی بەدی هێناوە، هەر كەسێكی ژیر سەیری رەفتارەكانی كەلابی بكات لە دوای بڕیارەكانی دژە كورد، دەبینن كە چۆن پێدەكەنێت و نیوەی كوردیش لەگەڵی دڵخۆش دەبن، بێ ئەوەی رەهەندەكانی پیشت ئەم پێكەنینە لێكبدەنەوە، ئەم رەفتارانەی كەلابی هاوشێوەی پێكەنینەكانی سەدامی حوسێنی خوێن رژە لە دوای پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال و كیماباران و روخاندنی 4500 گوندی كوردستان.