بەرزی دەنگی ماتۆڕەكە چێژ بە شۆفێرەكەی دەبەخشێت
زاری كرمانجی – سۆران:
دەنگی بەرزی ماتۆڕەكانیان، هاووڵاتییانییان نیگەران و بێزار كردووە و رۆژانە گلەیی و گازندەی زۆریان لێ دەكرێت، بەشێكیان دەڵێن” مەبەستمان نییە خەڵك بێزار بكەین، ئەوە موەسەفاتی ماتۆڕەكانە كە دەنگێكی بەرزیان هەیە، بەشێكی تریشیان دەڵێن ماتۆر ئەگەر دەنگی گزۆزەكەی بەرز نەبوو، هیچ تام و چێژێكی نابێت!. هاووڵاتییان بە گلەیی و ڕەخنەوە، پۆلیسیش بە دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلەكانیان، تەنگیان بە شۆفێرە گەنجەكان هەڵچنیوە و لە ڕێگەی زاری كرمانجی یەوە دەردە دڵی خۆیان باس دەكەن.
پەیوەند حەمەدەمین، دوو ساڵە ماتۆڕی كڕیوە و باس لەوە دەكات لە تەواوی دونیا ماتۆڕ هەیە و كەسیش رەخنەیان لێ ناگرێت، دەڵێ:”ئەوەتا ماتۆڕسكیلەكان لە ئێران كاری تاكسی دەكەن، لە ئەمریكا و مەكسیك بە دەییان گرووپیان هەیە و مەرجی وەرگرتنی ئەندامی نوێش بەرزی دەنگی گزۆزی ماتۆڕەكەیە، ساڵانەش فێستیڤاڵی خۆیان دەكەن، كەسیش ڕەخنەیان لێ ناگرێت و سووكایەتییان پێ ناكەن، بەڵام لێرە كەس لەگەڵ كەس ساخ نییە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك دژایەتی یەكتر دەكەن”.
ئەوەش دەڵێ:”ماتۆڕێك دەنگی گزۆزی بەرز نەبێت تام و چێژی نییە، بۆیە دەبێت خەڵك لەوە تێ بگات دەنگ بەرزی گزۆزی ماتۆڕەكە بۆ بێزاركردنی ئەوان نییە، بەڵكوو ماتۆڕ بەوە ناسراوە كە دەنگێكی بەرزی هەبێت”.
بڕیار ئەحمەد لە یەكێك لە خواردنگەكان كاری دلێڤەری دەكات و ماوەی نزیكەی ساڵێكە ماتۆڕی خواردنگەكە لێ دەخوڕێت و دەڵێ :” لەو ماوەیە وام نەكردووە كەس لێم نیگەران بێت و دەنگی گزۆزی ماتۆڕەكەم بە بیست هەزار دینار بێ دەنگ كردووە، بەڵام هەندێك لە ماتۆڕسكیلەكان كاری وا دەكەن ئێمەشیان لە پێش چاوی خەڵكی ناشیرین و شەرمەزار كردووە”،
بڕیار ئەوەش دەڵێ:” دەكرێت بە یاسایەك ماتۆڕسكیلی سنووردار بكرێت تایبەت و ڕێگا بە هەموو گەنجێك نەدرێت ماتۆڕ لێ بخورێت”.
ئەو گەنجە، پێ باشە ئەو گەنجانەی بە خراپی هەڵسوكەوت بە ماتۆڕ دەكەن لێپێچینەوەی توندیان لەگەڵ بكرێت لە لایەن پۆلیسی هاتووچۆ :” پێویستە پۆلیس زۆر بە توندی هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو شۆفێرانە بكات كە ماتۆڕ بۆ كاری خراپ و بێزاركردنی خەڵكی بەكار دەهێنن، دەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت و سزای ماددی بدرێن بە تایبەت ئەوانەی دوای كاتژمێر 12 ی شەو لە دەرەوەن .”
محەممەد كوڕە گەنجێكی تەمەن 20 ساڵە، دوای دوو ڕووداو باوكی بە ناچاری ماتۆڕەكەی لێ دەفرۆشێتەوە، ئەو ئێستا هەر وەكوو خۆی باسی دەكات زۆر بیری ماتۆڕ هاژووشتن دەكات، بەڵام باوكی ئامادە نییە جارێكی تر ماتۆڕی بۆ بكڕێتەوە، دەڵێ:” دوو جار تووشی ڕووداو هاتم، جارێكیان خۆم لە ئۆتۆمبێلێك دا و جارێكی تریش زۆر بە خراپی وەرگەڕام كە ئەو كات برادەرێكیشم لە پشت خۆ سوار كردبوو، ئەو زۆر بە خراپی سەری بەر زەوی كەوت و خەریكبوو بمرێت، پشتی ئەو ڕووداوە باوكم هاژووشتنی ماتۆڕی لێ قەدەخە كردم، ئێستا زۆر حەز دەكەم وەك جاران ماتۆڕم هەبێت و شەوانە پیاسەی پێ بكەم، بەڵام مەحاڵە جارێكی تر باوكم بهێڵێت ببمەوە خاوەن ماتۆڕ،”
ئەوەش دەڵێ: ” منیش حەزم دەكرد لە جیاتی ماتۆڕ خاوەنی ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل بەرز بم، بەڵام ژیان و گوزەرانی ماددیمان خراپە و هەر ئەوەندەم لە دەست هات ماتۆڕێك بكرم، ئێستاش ئەویشم نەما، جا نازانم چی بكەم.”
حەیدەر وەستای ماتۆڕسكیلە لە سۆران، ئەو دەڵێت:” زۆربەی زۆری ماتۆڕسكیلەكانی سۆران گەنجن، زۆربەشیان كە دێنە لای ئێمە داوا دەكەن گزۆزی ماتۆڕەكەیان بۆ بگۆڕین بە گزۆزی دەنگ بەرز, بۆیە یەكێك لە پڕ فڕۆشترین پارچەكانی ماتۆرسكیل بەداخەوە كە گزۆزەی دەنگ بەرزە”.
حەیدەر باس لەوەش دەكات كە بەشێك لە ماتۆڕەكان لە بنەڕەتدا گزۆزەكەیان دەنگی بەرزە و دەڵێ :” بەشێك لە ماتۆڕەكان بیلادی دەنگیان بەرزە، ئەوەش وای كردووە كە بەشی زۆر گەنجان ئەو جۆرە ماتۆڕە بەكار بهێنن،”
وەستا حەیدەر پێی وایە ئەو كارەی گەنجان تەنیا مەبەست بێزاركردنی هاووڵاتییانە، ئەوەش دەڵێ:” بەشێك لە گەنجان بۆ مەبەستی چوونە سەر كار سوود لە ماتۆڕ وەردەگرن، كە توانای كڕینی ئۆتۆمبێلیان نییە، بۆیە ئەوان تەنیا چاویان لەسەر كاسبی خۆیانە و دەنگی گزۆزی ماتۆڕەكەیان ئاسایییە و بێزاركەر نییە، بەڵام 30 % ئەو گەنجانەی ماتۆڕ لێ دەخوڕن تەنیا مەبەستیان بێزاركردنی خەڵكە و هیچی تر.”
پۆلیسی هاتووچۆی ئیدارەی سۆران هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلەكانی دەستپێكردووە، بەتایبەت ئەوانەی بێ ژمارەن و تۆمار نەكراون، لەگەڵ ئەوانەی دەنگی بەرزیان هەیە.