مههدى محهممهد – زاری كرمانجی :
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لە چوارچێوەی كارەكانی چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆك، مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێم سندووقێك هەنار و هەنگوینی كوردی بەخشی بە بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و پێگووت “سندووقێك لە هەناری كوردستان و هەنگوینی خۆمانت بە دیاری پێدەدەم. ئەمانە باشترین دیارین كە پێتی دەبەخشین بەخێربێیت.”
ئەم دیارییەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەڵەبجەییەكانی دڵخۆش كردووە و ئیدارەی شارەكەش ئەم هەنگاوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پشتیوانییەكی بەهێز ناو دەبات بۆ زیاتر دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی هەناری شارەكەیان.
لەمبارەیەوە نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە، لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، “ئەو هەنارانەی كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی هەرێمەوە بەخشراون بە بۆریس جۆنسن هەناری هەڵەبجە بوون. ئەو لە پانێڵەكەیدا باسی لە هەناری هەڵەبجەی كرد. دەستخۆشی لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە ئەو دیارییەی پێ بەخشی. پێویستە حكومەتی هەرێم پلانی بەرفراوانتر بۆ هەموو هەناری كوردستان دابنێت.”
لە درێژەی قسەكانی بۆ دەنگی ئەمەریكا قایمقامی هەڵەبجە ئەوەش دەڵێ “سێكتەری كشتوكاڵ و گەشتیاری لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەلایەن سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، گرنگی باشیان پێدراوە.”
بەهۆی بوونی كواڵیتی بەرزی هەناری هەڵەبجە، ئەمساڵ نزیكەی 160 تەنی هەناردەی وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و سوید كراون.