مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ماوەی نزيكهى 48 كاتژمێردا، هێزەكانی ئەمەریكا لە وەڵامی هێرشەكانی هێزە نزیكەكانی ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی لە عێراق و سووریا، دووجار لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشی كردە سەر هێزه ميليشياكاني حەشدی شەعبی لە عێراق.
لەمبارەیەوە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2023، كۆبووه و لە ڕاگەیاندراوێكدا ئیدانەی هێرشەكانی سوپای ئەمەریكای كرد بۆ سەر هێزەكانی حەشد و ڕاگەیاند”هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لەوێ بوون و بۆ كوشتنی عێراقییەكان نەبوون.”
عەباس عامری ئەمینداری گشتی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێ “چوارچێوەی هەماهەنگی بە توندی ئیدانەی ئەو پێشێلكارییە دووبارەبووانەی سەروەری خاكی نیشتمان دەكات كە لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دەدرێن.”
هاوكات قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە تۆڕی كۆمەڵایەتی(x) پۆستێكی كردووەو داوای دادگایكردنی ئەو هێزانە دەكات كە هێرشەكەیان ئەنجامداوەو دەشڵێت “جارێكی دیكە داگیركاری دڕندەی ئەمریكی پێشێلی خوێنی پیرۆزی عێراق دەكات، و تاوانێكی خیانەتكارانە ئەنجام دەدات، شەرمەزاری بۆ سەروەری عێراق بە هەموو خۆبەزلزانین و خۆبەزلزانینێكەوە، بۆ ئەوەی بۆ جیهان بیسەلمێنێت كە ڕێز لە هیچ یاسایەك ناگرێت.”
بەهەمان شێوە نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی(x) هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هێرشەكە نیشاندا و دەڵێ “ئەم كارانە پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەری و ئاسایشی عێراق پێكدەهێنن.”
لە هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمەریكا بۆ سەر بنكەی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جەرف نەسر لە پارێزگای بابل، هەشت چەكداری حەشد كوژراون و چواری تریش برینداربوون، ئەمەریكا ئەم هێرشەی وەك وەڵامێك ناوبرد دژ بەو هێرشانەی دەكرێنە سەر بنكە سەربازییەكانی لە عێراق و سووریا و راگەیاند “هێرشەكان بەردەوامی دەبێت.”