زاری كرمانجی وردەكاری دروستكردنی بەنداوەكە دەخاتەڕوو
زاری كرمانجی – سۆران :
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست زاری كرمانجی كەوتوون شوێن و جۆر قەبارەی بەنداوی گەلی بێخاڵ لە ڕواندز كۆمەڵێك تایبەتمەندی تێدایە و جگە لە گڵدانەوەی ئاو، وێستگەیەكی بەرهەم هێنانی كارەباش لە خۆ دەگرێت، بەنداوەكە لە بەرتەسكترین شوێنی ناو گەلی ئەنجام دەدرێت كە دەكەوێتە سەرووی پێكگەیشتنی هەر دوو ڕووباری گەلی و باڵەكیان و نزیكەی (400 م) لە ڕێگای هامڵتۆنەوە دوورە.
هەروەها بەرزی لووتكەی بەنداوەكە (600 م A S I) دەبێت.
ئەو بەنداوە توانای گلدانەوەی بڕی (594 م A SL) دەبێت.
بەنداوەكە كۆمەڵێك بنەمای دیكەی تێدایە كە ئەندازەیین و پەیوەندی بە دیزاین و شێوازی بنیادنانی بەنداوەكەن، بەڵام ئەم بەنداوە وادیزاین كراوە كە 36 مێگاوات كارەبا بەرهەم دێنێت لە ڕێگەی سێ تۆڕبایینی 12 مێگاواتی.
هەر بەپێی زانیارییەكان ئەمە دواین دیزاینی ئەم بەنداوە نییە بەڵكوو لە ساڵی 2014 كاری لەسەر دەكرێت و دەشێ گۆڕانكاری بەسەردا هاتبێت، بە تایبەتی كە كابینەی 9ی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆر بە دروستكردنی بەنداو دەدات.
ئەم بەنداوە جگە لە گلدانەوەی ئاو، زۆر بوونی ئاوی ژێر زەوی و ڕێگری كردن لە بەفیڕۆچوونی ئاوی هەرێمی كوردستان لە هەمانكاتیشدا هەم بۆ بەرهەم هێنانی كارەبا هەم بۆ بواری گەشت و گوزاری و كشت و كاڵ و بەرهەمی سامانی ماسی سوودی زۆری بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێت.