موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر ئەو 700 ملیار دینارە داوە و دوو مانگ ڕەوانە كراوە، تەنها یەك مانگ ماوە، لە داهاتووەكی نزیكدا ئەو بڕە پارەیە بۆ موچە خۆرانی كوردستان دەنێردرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشكراشی كرد:” بەپێی زانیاریەكانی ئێمە، هەفتەی داهاتوو ئەو بڕە پارەیە دەخرێتە سەر حسابی هەرێمی كوردستان و دەست بە دابەش كردنی موچەی فەرمانبەران دەكرێت .
شێروانی، دووپاتی كردەوە، پێویستە دوای ناردنی كۆتا 700 ملیار دینارەكە، ڕێكەوتنێكی دیكەی كۆتایی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بكرێت، تا چیتر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوانەكەوێت و نەخرێتە نێو ململانی سیاسی .
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە نوسراوی فەرمی داواكاری ئاڕاستەی حكوومەتی عێراق كردووە بۆ دابین كردنی پارەی پێویست بۆ موچەی مانگەكانی 10، 11، 12، لەو بارەیەوە، سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق هیچ بەربەستێكی نییە بۆ چارسەر كردنی كێشەی موچە خۆرانی هەرێم، تەنها دەمێنێتەوە كۆدەنگی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ئەم پرسە”.